مامۆستا مەلا سەردار سەعید، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەوبەکری سدیق لە قەزای کەلار، لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس و ئەو زوڵمەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بە خەڵکی فەڵەستین ئەنجامی دەدات، وتی: ئەو زوڵمەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بە موسڵمانانی غەززە ئەنجامی دەدات و ئەو بێڕێزییەی کە بەرامبەر بە قودس دەیکات، لەوانەیە بە تەنیا خۆی نەبێت، بەڵکوو پێدەچێت چەندین وڵاتی دیکەی زلهێزی جیهانی لە پشت ئەم زوڵم و ستەمەوە بن، پێدەچێت بێدەنگی چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیش هۆکاربێت بۆ ئەوەی تاوانێکی گەورەی لەوجۆرە بەرامبەر بە موسڵمانانی فەڵەستین ئەنجام بدرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: پەیامی ئێمە بۆ ڕۆژی قودس یەکەمیان پەیامی دڵخۆشی و شادومانییە کەوا پرسی قودس پرسێکە ڕۆژێکی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە و بووە بە ڕۆژی جیهانی قودس، بەڵام لە لایەکی دیکەوە مایەی نیگەرانی و دڵتەنگییە کەوا پرسێکی ئاوا گەورە، کەوا پرسێکی عەقیدەیی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمانی سەر ڕووی زەوی، بچوککراوەتەوە بۆ تەنیا ڕۆژێک لە ساڵێکدا.
ئەو مامۆستا ئاینییە لە درێژەدا وتی: پرسی قودس پرسێکی عەقیدەیی و ئایینی و ئیسلامییە و دەبێت هەموو مرۆڤایەتی نەک تەنیا موسڵمانان، بەڵکوو دەبێت هەموو مرۆڤایەتی بە گرنگی بزانن و لە ئاستی جیهانیدا گرنگی و بایەخی تایبەتی پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم پرسە لە ئاستی جیهانیدا بچوککراوەتە بۆ ئاستی موسڵمانان و لەو ئاستەشەوە بچوکتر کراوەتەوە بۆ ئاستی نەتەوەی عەرەب و لەو ئاستەشەوە بچوکترکراوەتەوە بۆ چەند حیزب و گروپ و تاقمێکی بچوکی فەڵەستینی.
مامۆستا مەلا سەردار سەعید وتی: جێگەی نیگەرانییە کەوا دەبیستین و دەبینین بە بەرچاوی جیهانەوە زوڵمێکی گەورە لەوشوێنە دەکرێت کەوا یەکەم قیبلە و ڕووگەی مسوڵمانانە و هیوادارین ئیدی کۆتایی بەو زوڵم و ستەم و ناڕەحەتییانە بهێنرێت کە بەرامبەر بەو خەڵکە دەکرێت.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پێتانوایە ڕژێمی زایۆنیستی هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو زوڵم و ستەمە بێت کە بەرامبەر بە موسڵمانانی فەڵەستین دەکرێت، یاخود بە پێچەوانە ئەم زوڵمە پلان بۆ داڕێژراوە و کاتێکی زیاتر دەخایەنێت، مامۆستا مەلا سەردار وتی: بێگومان هەر وڵاتێک کە شەڕ بکات و دژی هەر حیزب و لایەن و وڵاتێکی دیکە بێت هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش بێدەنگبن لە ئاست ئەو زوڵمە ئەوا پیشاندەدات کە ئەوانیش ترسیان لەوەیە بەرژەوەندی خۆیان بکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هیوادارین ڕێکخراوە جیهانییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئافرەتان و ڕێکخراوەکانی منداڵان بەدەنگ بێن و کۆتایی بەم زوڵم و ستەمە بێنن.
وتیشی: خەڵکی غەززە لە ئێستادا چەوساوەترین و بێدەسەڵاتترین گەلن لە سەر ڕووی زەوی، باوەڕناکەم بتوانن ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی کە تێیکەوتوون، تەنیا ئەوەندەهەیە قەدەریان لە ژێر دەسەڵاتی خودادایە و هەروەها لە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی جیهان و ناوچەکەدایە و چاوەڕێیی ئەوەن لەمەزیاتر زوڵمیان لێنەکرێت و بتوانرێت پێداویستییەکانیان پێبگات./.