بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی ڕابردوو سێرجیۆ ڕامۆس بە پەیامێکی تایبەت یادی 39 ساڵەی لەدایکبوونی کردەوە کە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ سەرنجڕاکێش بوو. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکەم جار ژمارەی 93 ی بڵاوکردەوە کە لە جیاتی تەمەنی، ئاماژەیە بۆ گۆڵە مێژووییەکەی لە خولەکی 93 ی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2014 بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید. ئەو گۆڵەی که یارمەتی ڕیال مەدریدیدا بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەکه.
ڕامۆس خۆی چەند جارێک جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە بە گرنگترین گۆڵی ژیانی پیشەگەری خۆی دادەنرێت و ئێستا بە لەبەرکردنی درێسی ژمارە 93 لە مۆنتێری ڕێز لەو ساتە مێژووییە دەگرێت.
ڕامۆس لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند: من دڵخۆشم کە هێشتا دەتوانم ئەو کارە بکەم کە خۆشم دەوێت و لە گەل ئەوانەی کە خۆشەویستن بۆم، ئاهەنگ بگێڕم. بۆ من، تەمەن تەنیا ژمارەیە. من لە هەموو کاتێک باشتر هەست دەکەم بە هەمان جۆش و خرۆش و پەرۆشی کە ئەم ڕێگایەم دەستپێکرد. سوپاس بۆ هەمووتان بۆ بەشداری کردن لەم ڕۆژە تایبەتە لە گەڵ من، بە هیوای ساڵانی زیاتر! لەدایکبوونم پیرۆز!./.