بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەزای تیکاب لە باشوری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڵکەوتووە. ئەم شارە بە 120 شوێنەواری مێژووییەوە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکان دادەنرێت کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئێران سەردانی دەکەن.
لە نێو ئەم هەموو شوێنەوارە جوانه، گوندی قینرچێ یەکێکە لە گرنگترین شوێنە سرووشتییەکان کە بە دووری 40 کیلۆمەتر لە شاری تیکابەوە هەڵکەوتووە. ئەم گوندە جگە لە هەبوونی سرووشتێکی پاک و خۆش، چەندین دیاردەی سرووشتیی هەیە وەک تاڤگە و ژمارەیەکی زۆر کانیاوی گەرم کە هەریەکەیان تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە.
تاڤگەی وەرزی قینرچێ:
تاڤگەی وەرزی قینەرچێ کە زۆر جوانە، سەرنجڕاکێشترین دیاردەی سرووشتی ئەم گوندەیە کە له بەشی ڕۆژئاوای شاخی بڵقەیس و لە تەنیشت ئەم گوندە لە باکوری تیکاب هەڵکەوتووە. ئەم تاڤگەیە لە ڕێگەی ڕووبارێکەوە لە ناو ئەم گوندەدا دەڕوات و لە وەرزەی گەرمی ساڵدا ئاوەکەی بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵ دادەخرێت.
هەروەها شاخی بڵقەیس بە بەرزی 3332 مەتر یەکێکە لە جوانترین دیاردە سرووشتییەکانی ئەم ناوچەیە کە جۆراوجۆری ڕووەکی زۆری تێدایە. بەردەکانی ئەم ناوچەیە جیاوازن و بۆنێکی تایبەتیان هەیە. خاک و بەردەکانی ئەم ناوچەیە زیاتر لە بەردی گڕکانین و چەندین کانیاوی گەرم و کانزایی تێدایە.
کانیاوی گەرمی قینرچێ:
کانیاوی گەرمی قینرچێ یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە سرووشتییەکانی ئەم ناوچەیە کە بە دووری 5 کیلۆمەتر لە باکوری گوندی قینرچێ هەڵکەوتووە. ئەم کانیاوە گەرمانە چەندین کانزای تێدایە کە بەسوود و گرنگن بۆ چارەسەرکردنی هەموو جۆرە ئازاری جومگەکان و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار دێنە ئەم ناوچەیە که لەم نیعمەتەی خودا کەڵک وەربگرن.
لە بەشی ڕۆژئاوا و خوارەوەی کانیاوی گەرمی قینرچێ کە بە دەربەندیش ناسراوە، کانیاوێکی گەرمی دیکه هەیە. ئاوەکەی لە قوڵایی زەوی بە خێرایی و کوڵان دێتە دەرەوە و پلەی گەرمیشی نزیکەی 40 پلەی سیلیزی دەبێت. بەکارهێنانی ئەم کانیاوە گەرمە، مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی کە ئاشنای وەرزشی مەلەکردن نین، چونکە قووڵایی ئاوەکە زۆر گەورە و نادیارە. لەم شوێنەدا ئاوی پاک بۆ خواردن، ئاودەست و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش بۆ گەشتیاران دانراوە./.