بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لویس سوارێز یاریزانی یانەی ئینتەر میامی، دوای پێنج ساڵ باسی ڕۆیشتنی لە ناکاو لە بەرشەلۆنە و پەیوەندی بە ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە لە هاوینی 2020 کرد.
سوارێز لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی مارکا ڕایگەیاند: بیر لە ڕابردوو ناکەمەوە و ڕقم لە کەس نییە، بەڵام کاتێک بەرشەلۆنەم جێهێشت، کاتێکی زۆر سەختم بەسەربرد. هەستم دەکرد کە هێشتا دەتوانم بۆ بەرشەلۆنە یاری بکەم. من دووەم گۆڵکەر بووم دوای مێسی و هەرگیز لە وەرزێکدا کەمتر لە 20یان25 گۆڵم تۆمار نەکردووە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: دواتر ئەتلەتیکۆ مەدرید هات و دەرگای دەرفەتەکانی بۆ کردەوە و ئەمەش هاندانێکی گەورە بوو بۆ من. ئەرکی من ئەوە بوو کە بە بەرشەلۆنە بسەلمێنم کە کاری ئەوان هەڵە بوو. ئێمە لالیگامان بردەوە و ئەمەش زۆر بەنرخ بوو. هەمیشە خەونی یاریکردن بۆ بەرشەلۆنە دەبینی، کاتێک گرێبەستم لە گەڵ ئەم یانەوە کرد وەک خەونێک بوو کە هاتە دی./.