بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی CNN لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تێچووی بۆردومان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دژی ئەنساروڵڵای یەمەن لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتەی ڕابردوو گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار، بەڵام کاریگەرییەکی سنورداری بۆ لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئەو بزوتنەوەیە هەبووە.
سێ سەرچاوەی ئەمریکی بە کەناڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دژی ئەنساروڵڵای یەمەن کە لە 15 ی ئاداری 2025 ەوە دەستیپێکردووە، کەڵک لە سەدان ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی وەرگیراوە.
بە وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، ئەگەری ئەوە هەیە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، داوای بودجەی زیاتر لە کۆنگرێس بکات و ڕەنگە ڕەزامەندیش لە سەر ئەو داواکارییە نەدرێت، بە تایبەت ئەوەی کە نوێنەرانی دیمۆکرات و کۆماریخواز ڕەخنەیان لە شەڕەکە گرتووە و جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکاش شەڕی یەمەنی بە هەڵە ناو بردووە.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ناسراو بە B2 کە لە بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا جێگیر کراون، بۆ هێرشی سەر ئەنساروڵڵا بەکار دەهێندرێن. هەروەها بڕیارە کەشتییەکی سەربازیی دیکەی ئەمریکا لە ماوەیەکی نزیکدا بگاتە ناوچەکە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە لە هێرشەکانی سەر ئەنساروڵڵا چەندین فەرماندەی سەربازی کوژراون و چەندین پێگەش لەناوبراون بەڵام هێشتا توانای مانەوەی توانا سەربازییەکانی ئەو بزوتنەوەیە بە تایبەت لە ژێر زەویدا وەک خۆی ماوەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ناتوانن خەمڵاندنێکی درووست بۆ توانا سەربازییەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا بکەن.
ئەنساروڵڵا تا ئێستا 17 درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکای لە ئاسمانی یەمەن خستووەتە خوارەوە و لە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و پێگە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە./.