بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمیتەی جیهاد و فەتوای یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە و پێشێلکردنی ئاگربەست، فەتوایەکی دەرکردووە.
لەو فەتوایەدا کە دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە خەباتی چەکداری لە دژی داگیرکارانی زایۆنیست لە سەر هەر موسڵمانێک بە واجب دادەنرێت و ئەمەش سەرجەم جیهانی ئیسلام دەگرێتەوە.
لەو فەتوایەدا داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کراوە لە پێناو ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، دەستێوەردانی سەربازییان هەبێت و لە ڕووی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە ڕژێمی زایۆنیستی بخەنە گەمارۆیەکی قورسەوە.
یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەروەها پشتیوانی سەربازی، دارایی، سیاسی و یاسایی لە خۆڕاگریی فەڵەستین بە ئەرکێکی ئایینی سەرجەم موسڵمانان ناو بردووە.
داواشکراوە کە ڕێکەوتنێکی سەربازی ئیسلامی بۆ بەرگری لە موسڵمانان بکرێت و هەر چەشنە پەیوەندییەکیش لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە حەرام و قەدەغەکراو ناو براوە./.