بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نزیکەی سێ هەفتە بە سەر دەستپێکردنی قۆناغی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ یەمەن تێپەڕ دەبێت.
خاڵی گرنگ ئەوەی کە ئەم قۆناغەی هێرشەکان لە سەردەمی سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکادا بووە کە لە درووشمەکانی سەردەمی هەڵبژاردنیدا بە توندی ڕەخنەی لە چالاکییە سەربازییەکانی دەرەوەی سنورەکانی ئەمریکا دەگرت و بەڵێنی ئەوەی دەدا چیدی ئەمریکا بەشداری لە شەڕە بێهووەکاندا نەکات.
لە کاتێکدا کە ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەکات هێرشەکان ئەنجامی هەبووە و ڕێگریی لە چالاکییەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا کردووە، بەڵام شرۆڤەکاران بۆچوونێکی دیکەیان هەیە.
کەناڵی CNN ڕایگەیاندووە کە تێچووی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمجارەی ئەمریکا لە دژی یەمەن نزیکەی یەک ملیار دۆلار بووە، بەڵام هێرشەکان تا ئێستا کاریگەرییەکیئ سنورداری لە سەر لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی حوسییەکاندا هەبووە.
مایکل نایتز یەکێک لە ئەندامانی باڵای دامەزراوەی واشنتن ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە تا ئێستا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ئیرادە و هێزی حوسییەکان بۆ وەبەرهێنانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەناو ببات و ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور دابین بکات.
نایتز بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ڕوبەڕوبونەوەی حوسییەکان ئاسان نییە.
ئەحمەد نەگی شرۆڤەکاری باڵای یەمەن لە گرووپی نێودەوڵەتی قەیران ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا تێگەیشتنێکی قووڵیان لە حوسییەکان نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە هەڵەدایە ئەگەر بزانێت هێرشە ئاسمانییەکان پاشەکشە بە حوسییەکان دەکات، ئەم سیاسەتە لە سەردەمی بایدندا شکستی هێنا و ئەستەمە لە سەردەمی ترەمپدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
یەکێکی دیکە لە شارەزایانی کاروباری یەمەن، ئلیزابت کەنداڵ، جەختی لەوە کردووەتەوە کە حوسییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا دەیان هەزار جار بۆردومان کران بەڵام هیچ کات بێهیوا نەبوون.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بۆردومانەکانی ئەمریکا لە یەمەن، نمایشێکە و دەیەوێت بە جیهان بڵێت کە ئێمە ئەم کارە دەکەین، لە بەر ئەوەی کە دەتوانین./.