بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو شەڕە بازرگانییەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە زیادکردنی باج لە سەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ ئەمریکا بە سەر وڵاتانی دیکەدا سەپاندوویەتی، هەروەها کاریگەریی لە سەر وڵاتانی عەرەبی هەبووە و پێشبینی دەکرێت کاریگەری نەرێنی لە سەر ئابوری ئەو وڵاتانە هەبێت.
لە دوای چوونە ناو کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێوشوێنی توندی ئابوریی گرتووەتەبەر و ڕایگەیاندووە کە ئامانج لەم ڕێوشوێنە پشتگیریکردنی پیشەسازییەکانی ئەمریکایە لە ڕێگەی زیادکردنی باج و باج لە سەر ئەو کاڵایانە کە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە هاوردە دەکرێن بۆ ئەمریکا، لەنێویاندا وڵاتانی هاوپەیمانی واشنتن.
هیچ نیشانەیەک نییە بۆ کەمکردنەوەی ئەو شەڕە بازرگانییەی کە ترەمپ بە دوای خۆیدا هێنا و سەپاندنی باجی بەرامبەریش زیانی بە ئابورییە گەورەکان گەیاندووە و بازاڕەکانی بۆرسەی ناردووە بۆ دابەزین و پێشبینییەکانی گەشەی ئابوری دابەزاندووە.
کاریگەری بڕیارەکانی ترەمپ لە سەر وڵاتانی عەرەبی
ئەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ دەستیپێکردووە، کاریگەری نەرێنی لە سەر گەشەی ئابوری وڵاتانی عەرەبی دەبێت کە بڕبڕەی پشتی ئابوری ناوچەکە پێکدەهێنن. هەروەها شەڕەکە تێچووی دەستبەجێی بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت کە دراوەکانیان بە دۆلاری ئەمریکییەوە گرێداوە.
بە پێی ئامارەکانی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا، کۆی گشتی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ١٤١.٧ ملیار دۆلار، لەو ساڵەدا ئەمریکا بە بەهای ٨٠.٤ ملیار دۆلار کاڵای هەناردە کردووە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٥.٨% زیادی کردووە، کۆی گشتی هاوردەکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ساڵی پێشوودا ٦١.٣ ملیار دۆلار بووە، کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی ١.٣ ملیار دۆلار کەمیکردووە.
بەم شێوەیە زیادەی بازرگانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ١٩.١ ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٣٩.٨% زیادی کردووە.
10 وڵاتی عەرەبی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بە هۆی شەڕی گومرکی ترەمپەوە
ئەمریکا پەیوەندی بازرگانی نزیکی لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی هەیە. دواتر بە گوێرەی داتاکانی نوسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکا، بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ 10 وڵاتی عەرەبی دەکۆڵینەوە.
ئیمارات:
ئیمارات گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەهای بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٣٤.٤ ملیار دۆلار بووە، کە ٢٧ ملیار دۆلار هاوردەی ئیمارات لە ئەمریکاوە (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ٨.٥% زیادیکردووە) و ٧.٤ ملیار دۆلار هاوردەی ئەمریکا لە ئیماراتەوە (١٢.٩% زیادیکردووە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣). بەم شێوەیە هاوسەنگی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات زیادەی 19.6 ملیار دۆلاری لەگەڵدا بوو لە بەرژەوەندی ئەمریکا (بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 6.9% زیادبوون).
سعوودیە:
سعوودیە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمریکایە لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا لەدوای ئیمارات و بەهای بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2024 نزیکەی 25.9 ملیار دۆلار بووە. ئەم ژمارەیە 13.2 ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی سعوودیە لە ئەمریکا دەگرێتەوە (بە بەراورد بە ساڵی 2023 4.8% کەمیکردووە) و 12.7 ملیار دۆلار هاوردەکردنی ئەمریکا لە سعوودیەوە (19.9% کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2023). بە پێی ئەم ئامارانە هاوسەنگی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیادەی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لەگەڵدا بووە (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ١٢١.٦% زیادیکردووە) لە بەرژەوەندی ئەمریکا.
میسر:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و میسر لە ساڵی 2024 نزیکەی 8.6 ملیار دۆلار بووە، هەناردەی ئەمریکا بۆ میسر 6.1 ملیار دۆلار بووە (بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 36% زیادی کردووە) و هەناردەی میسر بۆ ئەمریکا 2.5 ملیار دۆلار بووە (بە بەراورد بە ساڵی 2023 بە ڕێژەی 6.7% زیادی کردووە). بەم شێوەیە زیادەی بازرگانی ئەمریکا لەگەڵ میسر لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ٣.٦ ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٦٩.٤% زیادی کردووە.
مەغریب:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و مەغریب لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٧.٢ ملیار دۆلار بووە. ئەمساڵ بەهای هەناردەی ئەمەریکا بۆ مەغریب گەیشتە 5.3 ملیار دۆلار کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 37.3 ملیار دۆلار زیادی کردووە، بەهای هەناردەی مەغریب بۆ ئەمریکا گەیشتە 1.9 ملیار دۆلار کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 12.3 ملیار دۆلار زیادی کردووە. زیادەی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ مەغریب لە ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتە ٣.٦ ملیار دۆلار، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٥٧.١% زیادی کردووە.
قەتەر:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا و قەتەر لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٥.٦ ملیار دۆلار بووە، کە ٣.٨ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ قەتەر (١٨.٣% لە ساڵی ٢٠٢٣ دابەزیوە) و ١.٨ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی قەتەر بۆ ئەمریکا (١٠.٣% لە ساڵی ٢٠٢٣ دابەزیوە). زیادەی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ قەتەر لە ساڵی پێشوودا دوو ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٢٤.٥% کەمیکردووە.
ئەردەن:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا و ئەردەن لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە ٥.٤ ملیار دۆلار، لە نێویاندا ٢ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ ئەردەن (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ٣٠.٩% زیادیکردووە) و ٣.٤ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ئەردەن بۆ ئەمریکا (١٥.٤% زیادیکردووە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣). بەم شێوەیە کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ ئەردەن لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٢.٣% کەمیکردووە. ئەردەن یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبییە کەمانەی کە هەناردەکردنی بۆ ئەمریکا لە هاوردەکردنی ئەو وڵاتە زیاترە.
کوێت:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا و کوێت لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٤.١ ملیار دۆلار بووە، کە ٢.٤ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ کوەیت (١٤.٧% کەمیکردووە لە ساڵی ٢٠٢٣) و ١.٦ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی کوەیت بۆ ئەمریکا (٢.٤% کەمیکردووە لە ساڵی ٢٠٢٣). زیادەی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ کوەیت لە ساڵی ڕابردوودا ٧٦٨.٢ ملیۆن دۆلار بووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٣٢.٩% کەمیکردووە.
جەزائیر:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و جەزائیر لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٣.٥ ملیار دۆلار بووە. ئەمساڵ هەناردەی ئەمریکا بۆ جەزائیر گەیشتە یەک ملیار دۆلار (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ١٥.٥% کەمیکردووە)، هەناردەی جەزائیر بۆ ئەمریکا گەیشتە ٢.٥ ملیار دۆلار (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٨.٧% کەمیکردووە). کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ جەزائیر لە ساڵی پێشوودا یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بەڕێژەی 20.9% کەمیکردووە.
عۆمان:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا و عۆمان لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ٣.٣ ملیار دۆلار بووە، کە ٢ ملیار دۆلار لە هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ عۆمان بووە (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٥.١% زیادیکردووە) و ١.٣ ملیار دۆلار لە هاوردەکردنی ئەمریکا لە عۆمانەوە (بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٢٠.٢% کەمیکردووە). زیادەی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ عۆمان لەمساڵدا گەیشتە 634.3 ملیۆن دۆلار، کە بە بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 210.1% زیادیکردووە.
بەحرەین:
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و بەحرەین لە ساڵی ڕابردوودا دوو ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. هەناردەی ئەمریکا بۆ بەحرەین لەمساڵدا 1.6 ملیار دۆلار بووە (بە بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 1.8% کەمیکردووە)، هەناردەی بەحرەینیش بۆ ئەمریکا 1.2 ملیار دۆلار بووە (بە بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 3.3% زیادیکردووە). زیادەی بازرگانی ئەمریکا لە گەڵ بەحرەین لە ساڵی ڕابردوودا ٤٤١.٩ ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٣.٣% کەمیکردووە.
کاریگەری شەڕی بازرگانی ترەمپ لە سەر وڵاتانی عەرەبی
پێشبینی دەکرێت شەڕی بازرگانی ترەمپ کاریگەری نەرێنی لە سەر گەشەی ئابوری وڵاتانی عەرەبی و هەناردەکردنیان بۆ ئەمریکا هەبێت. ئەو باجە گومرکییە نوێیەی کە ئیدارەی ترەمپ لەبەرچاوی گرتووە، زۆربەی وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە، لەنێویاندا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە وڵاتە عەرەبییەکان. ئەم باجانە بە ڕێژەی 41، 39، 31، 30، 28، و 20% بۆ شەش وڵاتی سوریا، عێراق، لیبیا، جەزائیر، تونس و ئەردەن، بە ڕێژەی 10% بۆ وڵاتانی وەک نێودەوڵەتی میسر، مەغریب، لوبنان، سودان، یەمەن و جیبۆتی./.