بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دۆخی تەندرووستی و پزیشکی لە کەرتی غەززە بە هۆی گەمارۆ و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە گەیشتووەتە ئاستی کارەساتێکی گەورە و ئامارەکان پیشان دەدات کە لە سەدا 59 ی دەرمانە سەرەکی و پێویستەکان لە بازاڕدا نەماون، لە کاتێکدا کە لە سەدا 37 ی کەرەستە پزیشکییەکانیش بە هەمان شێوە نەماون و ئەمەش ئێش و ئازاری نەخۆشەکان و بریندارەکانی زیاتر کردووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمە، یوسف ئەبو ڕیش جێگری وەزیری تەندرووستی حکومەتی غەززە، ڕایگەیاندووە کە بە هۆی داخرانی ڕێگاوبانەکانی ناو کەرتی غەززەوە، 13 هەزار نەخۆش چاوەڕوانی دەرفەتێکن بۆ گواستنەوەیان بۆ دەرەوە و وەرگرتنی چارەسەر.
ناوبراو سەبارەت بە بەردەوامی گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە هۆشدارییدا و ڕایگەیاند کە تا ئێستا دەیان منداڵ بە هۆی نەبوونی خۆراک یان بە هۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە.
سەرچاوە خۆجێیەکانیش ڕایانگەیاندووە کە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بە هۆی گەمارۆکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە دژوارتر بووە و نەخۆشخانەکان توانای ئەوەیان نییە خزمەتگوزاری پێشکەش بە نەخۆش و بریندارەکان بکەن./.