مێژووی پاش شۆڕشی ئیسلامی ئێران پیشان دەدات کە سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا هەموو کات هەوڵی ئەوەیانداوە بە هەڕەشەی بۆردومانکردن و بە زیاترکردنی سزا و گەمارۆکان، لە پێناو مسۆگەربوونی سیاسەت و ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، مەرجەکانیان بە سەر ئێراندا بسەپێنن. بەڵام ئێران هیچ کات ترسی لەو هەڕەشانە نەبووە و درێژەی بە ڕێگای پێشکەوتنی خۆی داوە و ئەمڕۆ بووەتە هێزێکی گەورەی سەربازی لە ناوچەکە کە بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی، تەنیا پشت بە توانا ناوخۆییەکانی خۆی دەبەستێت و هێزی بەرگری و بە تایبەت مووشەکییەکەشی بووەتە گەورەترین خاڵی ڕوبەڕوبونەوەی لە گەڵ دوژمنان.
ترەمپ بە هەڕەشەکردن وایدەزانی دەتوانێت بە ئامانجەکانی دەگات و دەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ئێران لاواز دەکات. هەربۆیە نامەیەکی بۆ ئێران نارد و دیسانەوە زمانی هەڕەشەی بەکار هێنا.
ئێران وەڵامی ئەو نامەیەی بە گونجاوترین شێواز دایەوە و وێڕای جەختکردنەوە لە سەر پابەندبوون بە دیپلۆماسی و دانوستان، شێوازی دانوستانی ناڕاستەوخۆی لە گەڵ ئەمریکا پێشنیار کرد و لە هەمان کاتدا هەڕەشەی ئەوەشیکردووە کە هەر کردارێکی هەڵەی دوژمن بە توندترین شێواز وەڵام دەداتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ بە هەڵە لە ئێران و تواناکانی تێگەیشتووە. پێم وایە کە دوو هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی و هێرشێکی پێشووتری بۆ سەر بنکەی ئەمریکیی عەین ئەسەد لە عێراق نموونەیەکی باشن بۆ ئەوەی ترەمپ لەوە تێبگات کە ئێران بە هەموو شێوەیەک وەڵامی هەڕەشەکان دەداتەوە و بەرگری لە خاک و بەرژەوەندییەکانی دەکات.
زیاتر لەمەش، ئێران وڵاتانی عەرەبی نییە کە هەموو داهات و سەرمایەی خۆیان لە ترسی ترەمپ خستووەتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوان و دەستدرێژییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین و وڵاتانی ناوچەیە خۆیان کوێر و کەڕ کردووە. بە پێچەوانەوە ئێران بووەتە گەورەترین کێشە و بەربەستی سیاسەتی داگیرکاری و خۆسەپاندنی ئەمریکا لە ناوچەکە./.