بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن ئەحمەد یەماحی لە میانەی وتارێکی لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی یەکێتی نێوان پەرلەمانەکان لە تاشکەند ی پایتەختی ئۆزبەکستان، ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو ڕووداوانەی 7 دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی سەلماندووە کە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتی بۆ پرسی فەڵەستین، بە پێی ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستینی بە پایتەختی قودس، تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەیە و هەر هەوڵێک بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم چارەسەرە، چارەنووسی شکست دەبێت و تەنیا ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕیی زیاتری بە دواوە دەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند: ئێمە کاتێک باس لە مسۆگەربوونی گەشە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ گەلی فەڵەستین دەکەین کە ئەم گەلە بە هۆی تاوان و دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشکراون و بە بۆردومان یان لە ڕێگای برسێتییەوە گیان لە دەست دەدەن و ئەم ڕژێمە هەوڵی دەرکردنی ئەوان لە خاکی مێژوویی خۆیان دەدات و ئەمەش تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی.
یەماحی ڕایگەیاند کە ئەو تاوانانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی دەیکات، لەو تاوانانە زیاترە کە گرووپە تیرۆریستییەکان دەیکەن.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی داوای لە نوێنەرانی پەرلەمانی گەلانی ئازادیخوازی جیهان کرد کە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ شکاندنی بێدەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوان و کارەساتانەی ڕوبەڕوی گەلی فەڵەستین بووەتەوە، جێبەجێ بکەن./.