بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بەخیتی بە کەناڵی جزیرەی قەتەری ڕاگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە و شکستی هێناوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە سەرکردە باڵاکانی ئەنساروڵڵا بکاتە ئامانج و تەنیا خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
بەخیتی سەبارەت بە ئەگەری هەر هێرشێکی وشکانی لە دژی یەمەن بە توندی هۆشدارییدا و وتی: ئێمە هۆشداری بە ئەمریکییەکان دەدەین کە هەر هێرشێکی وشکانی، چ لە ڕێگای ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگای گرووپە بەکرێگیراوەکانەوە لە ناوخۆی یەمەن، وەڵامی توندی بەدواوە دەبێت.
ناوبراو هۆشداریشی بە وڵاتانی دراوسێی یەمەن دا و وتی: هەر کەس هاوکاری ئەمریکا و بەریتانیا بکات، بە تایبەت سعوودیە و ئیمارات، خوا ئەو ڕۆژە نەهێنێت، لە بەر ئەوەی کە ئێمە هێزی پێویستمان بۆ لەناوبردنی ژێرخانەکانی ئەو دوو وڵاتە هەیە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ئەنساروڵڵا وتی کە تەنانەت لە ئەگەری ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەڵوێستی یەمەن بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەڵەستین بە تایبەت غەززە تووشی گۆڕانکاری نابێت./.