بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سبەی شەممە 12 ی نیسانی 2025، شاری مەسقەتی پایتەختی عۆمان میوانداری لە هەر دوو شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا دەکات. سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی شاندەکانی هەر دوو وڵات دەکەن.
دانوستانەکان دوانیوەڕۆی شەممە لە مەسقەت و بە نێوەندگێڕیی بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان بەڕێوە دەچێت.
ئەم دانوستانانە ناڕاستەوخۆ و بە پێی ئاڵوگۆڕی دەقی نووسراوەوە دەبێت.
ئێران بە قبووڵکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا، بە ئامانجی تاقیکردنەوەی ئامانج و نیازی لایەنی بەرامبەر، دەرفەتێکی نوێی بە دیپلۆماسی داوە و سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم دانوستانانە بە هەمان شێوە کە دەرفەتێکە، تاقیکردنەوەی ئەمریکاشە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە تاران بە پێی ئەنجامی دانوستانەکان هەڵسەنگاندن بۆ نیازی ئەمریکا دەکات و هەنگاوی دواتر هەڵدەگرێت./.