بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە شاندی ئێرانی لە دانوستانەکانی عۆمان داوایکردووە کە دەستی بە داراییە بلۆککراوەکانی خۆی لە دەرەوە بگات، سزاکانی سەر هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە هەڵبگیرێت و هەروەها سزاکانی سەر دۆسیەی ناوەکیش کەم بکرێتەوە.
سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانی، ئەوەی کە وەک هێڵە سوورەکانی ئێران ناوی بردووە بە لایەنی ئەمریکیی گەیاندووە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پلانی ناوەکی ئێران بۆ ئامانجی ئاشتیخوازانەیە و تاران ئامادەی داخستنی ئەم پلانە نییە. ڤیتکاف سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە واشنتن ڕێگری لەوە دەکات ئێران بۆ کاروباری سەربازی کەڵک لە پلانی ناوەکی وەربگرێت.
ڤیتکاف بە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵی ڕاگەیاندووە کە لەم قۆناغەدا دانوستانی تەکنیکی ناکرێت، بەڵکوو دانوستانەکان پەیوەندییان بە متمانە و دابینکردنی بەستێنی هاوبەشەوە هەیە، بە شێوازێک کە موڵەتی ئەوە بە ئێران نادرێت توانای ناوەکی خۆی بە سەربازی بکات.
کەناڵی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی ترەمپ کۆمەڵە ئیمتیازێکی بە ئێران داوە تا ئەم وڵاتە بەرەو دانوستان هان بدات و واشنتن کێشەی لە گەڵ ڕێکەوتنێکی ناوەکیی کورت ماوە و کاتی نییە کە بە پێی نیازپاکی بێت.
میدیا ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی خێرای سزا و گەمارۆکان، ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان و نەهێشتنی گوشار لە سەر کڕیارانی نەوتی خۆی بە تایبەت چین دەدات و لە بەرامبەردا ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەێنێتە ئاستی دیاریکراو لە ڕێکەوتنی پێشووی ناوەکی. بەڵام ئیدارەی ترەمپ تا ئێستا سەبارەت بە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە هەر ڕێکەوتنێکی داهاتوودا لێدوانی نەداوە./.