بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی بیگدلی شارەزا لە کاروباری ئەمریکا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە عۆمان، وتی: لەو بڕوایەدام پێش ئەوەی کە دانوستانەکان لە نێوان سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عۆمان بەڕێوە بچێت، بە نهێنی ڕاوێژی لە سەر کراوە و ناکرێت لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دوو بەرپرسی باڵا بە بێ هیچ پێشەکییەک بچنە دانوستانەکانەوە و وتووێژ بکەن.
ناوبراو وتی: ڕەزامەندی ئەوان پیشان سدەدات کە دیپلۆماسیەتێکی نهێنی ڕوویداوە و ئەم ڕەزامەندییەش لە بەرژەوەندی هەر دوو لا دایە. بۆ ترەمپیش گرنگە کە هیچ سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ئەم بابەتە چارەسەر بکات و ڕەنگە لە داهاتوودا یەکێک لە ڕێگاکانی گەیشتنی ناوبراو بە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بێت.
بیگدلی وتی: لە لایەکی دیکەوە، پڕوپاگەندە و هەڕەشەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، هەمووی ساختە و کۆنتڕۆڵکراوە و تەنانەت سەردانەکەشی بۆ ئەمریکا شتێکی وەها نەبووە و بێ ئەنجام گەڕایەوە.
ناوبراو وتی: هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا لە گەڵ ساڵی 2015 جیاوازی هەیە. هیوادارین دانوستانەکان بگەنە ئەنجام و لە گەڕی دووەم وێڕای پابەندی بە بەڵێنەکان، داوا لە ئەمریکا بکرێت سزا و گەمارۆکان هەڵبگیرێت، لە بەر ئەوەی کە ڕێگایەک بەدەر لەمە نەماوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ئەمریکا وتی: ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا تەخت ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ڤیەننا بکات تا لە گەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کۆببێتەوە.
وتیشی کە گوشارە دەرەکییەکان و هەلومەرجی ناوچەکە و جیهان وایکردووە کە ڕێگایەکی دیکە بەدەر لە سەرکەوتنی دانوستانەکان نەبێت./.