بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵحی ئەمیری ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی، 7 ملیۆن و 100 هەزار گەشتیاری بیانی لە ڕێگای سنورە ئاسمانی، وشکانی و دەریاییەکانەوە سەردانی ئێرانیان کردووە.
ناوبراو وتی: ئامانجی ئێمە لە پلانی حەوتەمی گەشەی هەمەلایەنەی وڵات، گەیشتنە بە 15 ملیۆن گەشتیار لە ساڵدا و ساڵانە دەبێت یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس تا 2 ملیۆن کەس بەم ژمارەیە زیاد بکرێت.
ئەمیری وتی: ئێمە سێ ئەولەویەتی ناوچەییمان بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران دیاری کردووە. یەکەم: وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز وەک ئەفغانستان و تورکیا و تاجیکستان. لە گەڵ دەسەڵاتدارانی تاجیکستان ڕێکەوتین کە ژمارەی گەشتیارانی ئەم وڵاتە لە ٨٥ هەزارەوە بۆ ١٠٠ هەزار گەشتیار زیاد بکەین. هەروەها لە گەڵ ئازەربایجان دانوستانمان هەبووە، هیوادارین بە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هەردوو وڵات پەیوەندی گەشتیاری بگەڕێتەوە ئاستی باڵای خۆی. پێشتر یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیارى ئازەریمان هەبووە کە شوێنی سەرەکییان مەشهەد بووە، بەڵام ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ لە سەدا ١٠ دابەزیوە کە پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە.
وەزیری میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی ئێران وتی: ئەولەویەتی دووەم ناوچەی کەنداوی فارسە بە عێراقیشەوە بە 3 ملیۆن گەشتیار، هەروەها سعوودیە و بەحرەین و کوەیت. گەشتەکانی ئەم وڵاتانە لە ئارادایە و ئێمەش هەوڵ دەدەین بە پاڵپشتی حکومەت و خودی سەرۆک کۆمار گەشتی ڕاستەوخۆ لە سعوودیە و بەحرەین و کوێتەوە بۆ مەشهەد و شارەکانی تر دابمەزرێنین.
ناوبراو وتی: ئەولەویەتی سێیەم وڵاتانی چین و ڕووسیا و هیندستانە و هەروەها لە جیهانی ئیسلامیدا گرنگی بە وڵاتانی ئەندونیزیا و مالیزیا و میسر و تونس دەدرێت. لە داهاتوودا گفتوگۆمان لە گەڵ میسردا دەبێت. تەرکیزی دیپلۆماسی کەلتوری بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ئێرانە. هاتنی گەشتیاران دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، دامەزراندن، ئاسایش و جوڵەی ئابوری./.