بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا مەسرور ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ناوچە ئازادەکانی ئێران ڕایگەیاند کە سەرمایەدانەری لەم ناوچانە پێویستی بە هەنگاوی جیدییە و ئەوەی کە لە ڕابردوودا کراوە، دەبێت بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ناوچە ئازادەکان بۆ ڕاکێشانی سەرمایەدانەرانی بیانی درووست کراون و ئەمساڵ کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرمایەدانەران و بەڕێوەبەرانی ناوچە ئازادەکانی تورکیا لە یەکێک لە ناوچە ئازادەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.
مەسرور وتی: ناوچەی ئازادی هاوبەش لە گەڵ تورکیا درووست دەکرێت.
ناوبراو وتی: هاوکارییە ترانزێتییەکانی ئێران و تورکیا وەک دەرفەتێکی گەورە بۆ گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی هەر دوو وڵاتە و سەرەڕای بوونی چەندین کێشە و گرفت، ئەم هاوکارییانە دەتوانێت بگاتە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، دابینکردنی هەلی کار و بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.
شارەزایان پێیان وایە، بە سەرنجدان بە پەیوەندی نزیکی دوو وڵاتی ئێران و تورکیا لە بوارە جیاجیاکانی شەمەندەفەر، ڕێگاوبان، دەریایی، ترانزێت، تێرمیناڵی سنوری و ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی نێوان چالاکانی ئابوریی دوو وڵات، هاوکاری ئابوریی نێوان دوو وڵات هەمیشە گرنگ بووە و هەر لە بەر ئەم هۆکارەش پێویستە هەر دوو وڵات درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن و بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ بەڕێوەبردنی ئاستەنگەکان.
لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو، فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی گواستنەوەی نێوان ئێران و تورکیا ڕاگەیاند و ڕایگەیاند: ئەم پرسانە ڕێگەمان پێدەدەن کە بەپێی نەخشەڕێگاکە، شایەتحاڵی پێشکەوتنەکان بین لەو لێکتێگەیشتنانەی لە ساڵی 2025 دا بەدەستمان هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە عومەر بولات وەزیری بازرگانی تورکیا وێڕای زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتی لە ساڵی 2024 دا ڕایگەیاند و وتی کە ئامانجمان قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە بڕی 30 ملیار دۆلارە و تا ئێستاش کۆمپانیاکانی تورکیا نزیکەی 2 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە ئێران کردووە./.