بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی بە یاوەری شاندێک سەردانی ڕووسیای کرد و بڕیارە لە گەڵ سێرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
عێراقچی هەروەها لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆدەبێتەوە و پەیامی نووسراوی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ڕادەست دەکات.
سەردانەکەی عێراقچی بۆ ڕووسیا لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە 16 ی نیسانی 2025 پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە دانیشتنێکی گشتیدا ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان مۆسکۆ و تارانی پەسەند کرد. ئەم ڕێکەوتنە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە درێژماوەدا دابین دەکات.
ڕێکەوتنەکە دۆخی ڕووسیا و ئێرانی وەک هاوبەشی ستراتیژی دیاری کردووە و سەرجەم بوارەکانی وەک بەرگری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، وزە، دارایی، گواستنەوە، پیشەسازی، کشتووکاڵ، ڕۆشنبیری، زانست و تەکنۆلۆژیا لەخۆدەگرێت.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە ڕۆما بەڕێوەبچێت.
ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئامادەیە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نێوەندگێڕی بکات./.