نوخشە ناسیح لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: دوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، گۆڕانکارییەکی زۆر دەبێت لە ڕووی بوژاندنەوەی یەکە کارگێڕییەکان و هەروەها لە ڕووی بوژاندنەوەی ئابورییەوە، چونکە ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشتیارییە و ئەو دوو سێکتەرە دەتوانن زۆر بە باشی پەرەی پێبدەین.
ناوبراو وتی: لە ڕووی بازرگانییەوە هەڵەبجە خاوەنی دوو مەرزە و هەوڵدەدەین مەرزی سێیەمیش بکەینەوە، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە هەڵەبجە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، لە سەروی هەمووشیانەوە لە ڕووی مەعنەوییەوە قەرەبوویەکی مەعنەوییە بۆ کەسوکاری قوربانیانی شەهیدان، هەروەها لە پاڵیشیاندا ئەو مافە داراییانەی کە هەیە بۆ کەسوکاری شەهیدان هەوڵ دەدەین ئەوانە دەستەبەر بکەین.
پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەم پارێزگایە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەڵام لە ڕابردوودا هەندێک ڕێگری ئیداریمان هەبووە لە بەر ئەوەی کە پارێزگا نەبووە، بەڵام ئێستا کە پارێزگایە پەیوەندیەکانمان باشتر و پتەوتر دەبێت.
نوخشە ناسیح وتی: سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە تا ئێستاش بەردەوام پەیوەندی باشیان لە گەڵ هەڵەبجە هەیە، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە و هەمیش لە ڕووی کارگێڕی و ئیداریشەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە لە ڕووی کارگێڕییەوە سنورێکی بچوکمان هەیە، بەڵام لە دوای بەپارێزگابوون لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە کار بۆ ئەوە دەکەین کە سنوری کارگێڕیمان زۆر بێت و قەزای دیکەی بۆ زیاد بکەین و چەند شوێنێکیشمان ئامادەیە بۆ ئەوەی بیکەین بە ناحیە، هەروەها لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین قەزای سەیدسادق و شارەزوور بگەڕێنینەوە سەر هەڵەبجە، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارانە لە گەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە./.