بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە یاوەری شاندێکی باڵا سەردانی ڕووسیای کردووە، دوانیوەڕۆی پێنج شەممە لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە.
عێراقچی لەو کۆبوونەوەدا پەیامی نووسراوی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ڕادەستی پوتین کرد و هەڵوێستی تارانی لە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەروەها گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕوونکردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژیی نێوان ئێران و ڕووسیا وەک گرنگترین بواری هاوکاری نێوان هەر دوو وڵات، جەختی لە سەر ئیرادەی تاران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆبوونەوەدا وێڕای گەیاندنی سڵاوی گەرم و هیوای تەندرووستی بۆ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، جەختی لە سەر هاوبەشی ستراتیژیی نێوان مۆسکۆ و تاران کردەوە و ڕایگەیاند کە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە گەڵ هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات دابین دەکات و لە پێناو پاراستن و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە.
لەو کۆبوونەوەدا بەدەر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گرنگترین ڕووداوەکانی ناوچەکە و جیهان، شەڕی ئۆکرانیا و دۆسیەی ناوەکی ئێران تاوتوێ کرا./.