کاوە عەلی کەریم لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پارێزگاری کرماشان بۆ هەڵەبجە، وتی: لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو پارێزگای هەڵەبجە و کرماشان گرنگ ئەوەیە کە یادداشتەکانی هاوکاری هاوبەشی پێشوو بکرێتە بنەما و گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە چارەنووسی سنوری سازان یەکلایی بکرێتەوە، کردنەوەی ئەو خاڵە سنورییە تەنیا لە سەر بڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران وەستاوە و لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە ئەو پردەی پێویستە درووست بکرێت، بودجەی بۆ تەرخان کراوە و تەنانەت کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەستنیشان کراوە.
ناوبراو وتی: کاتی خۆی بەڕێز بازوەند پارێزگاری پێشووتری کرماشان ڕایگەیاند کە کردنەوەی خاڵی سنوریی سازان لە دەسەڵاتی خۆیاندایە و جێبەجێی دەکەن. ئێستا ئەگەر پارێزگاری کرماشان بیەوێت، لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بودجەی تایبەت بۆ خاڵە سنورییە دیاریکراوە، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکات بە قەدەر ساڵانی ڕابردوو خزمەتی پەیوەندییەکانی هەڵەبجە و کرماشان دەکات.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وتی: خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ماوەی کارکردنی بازرگانی لە سنورەکانی پشتە و شۆشمێ (تەوێڵە) زیاد بکرێت کە کاتی خۆی داوایەکی پارێزگای کرماشان بووە.
کاوە عەلی وتی: گەڕانەوەی دۆسیەی ئاوارەکانی هەڵەبجە کە کاتی خۆی لە کەمپەکانی پارێزگای کرماشاندا نیشتەجێ بوون، یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجەیە. ئەوان لە سەردانیکردنی ئەو شوێنانە بۆ هێنانەوەی دۆسیەکانیان تووشی زەحمەتێکی زۆر دەبن. دەکرێت بە شێوازێکی فەرمی لە لایەن کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە سەر داوای فەرمی پارێزگاری هەڵەبجە، ئەو دۆسیانە بگەڕێندرێنەوە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد