بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن، پاش گەڕانەوە لە مۆسکۆ لە کاتێکدا بەرەو ڕۆما بەڕێکەوت کە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە ئێران داوای دەستەبەری بەهێزی لە حکومەتی ئەمریکا کردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئێران لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە عۆمان ئاماژەی بەوە داوە کە ئامادەیە هەندێک سنورداربوونی پلانی پیتاندنی یۆرانیۆم قبووڵ بکات بەڵام داوای دەستەبەری بەهێز دەکات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕێکەوتن نەکشێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕایگەیاندووە کە هەڵگرتنی سەنتریفوژەکان یان بەسفر گەیاندنی پیتاندنی یورانیۆم، هێڵی سووری ئێرانە و ئێران سەبارەت بە پلانی مووشەکیش دانوستان ناکات./.