بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەرچی دەوترێت سەردانەکەی خالید بن سەلمان بۆ تاران لە چوار مانگی ڕابردوودا پلانی بۆ داڕێژراوە، بەڵام لە ڕووی کاتی سەردانەکەوە، هاتنی بۆ تاران لە کاتێکی هەستیاردا بووە. هاوکاتبوونی ئەم سەردانە لە گەڵ گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕۆما، گرنگی سەردانەکەی بن سەلمانی زیاتر کرد و پەیامی ڕوونی بۆ ئەمریکا بە دواوە بووە.
ئەم ڕووداوە دەتوانێت پیشاندەری خواستی سعوودیە بۆ ڕۆڵی بەرچاو لە نێوەندگێڕیی نێوان ئێران و سعوودیە بێت. دەوترێت کە لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری سعوودیە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی ئەم خواستەی ڕیاز باسی لە سەر کراوە. ڕیاز پێشتر ئەزموونی میوانداریی لە کۆبوونەوەی ئاشتی ئۆکرانیا هەیە و دەتوانێت لەم دەفرایەتییە بۆ ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەڵک وەربگرێت و بەمەش پێگەی دیپلۆماسیی خۆی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە. ئەم بابەتە لەو ڕووەوە گرنگە کە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر سیاسەتە ئەمنی و بەرگری و دیپلۆماسییەکانی سعوودیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی هەیە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. بە پێچەوانەی ساڵی 2015 کە دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی لە سێبەری ئاڵۆزییەکانی تاران و وڵاتانی عەرەبی بەرەوپێش برا و ئەو وڵاتانە هاندەری کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لەو ڕێکەوتنە بوون. لە ئێستادا تێڕوانینی وڵاتانی عەرەبی جیاوازە و نەک تەنیا پشتیوانی لە ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن، بەڵکوو ڕۆڵی ئاسانکاریشی تێدا دەگێڕن. گەیاندنی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ئێران لە ڕێگای ئیمارات کە خاڵی دەستپێکی ئەم دانوستانانەی ئێستا بوو، نموونەیەک لەم گۆڕینی تێڕوانین و سیاسەتەی وڵاتانی عەرەبییە.
لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران و گرنگیدان بە وڵاتانی دراوسێ دەبێت وەک هۆکارێکی ئەم گۆڕانکارییە باس بکرێت. سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش گەڕی یەکەمی دانوستانەکان لە عۆمان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەی ئاگادار کردەوە. ئەم سیاسەتە لە لایەن وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەوە پێشوازی لێکراوە و ئەنجامەکەی لە ئێستادا دەبینرێت./.