بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە ” گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە گەڵ ئەمریکا بە شێوازی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگێڕی و ئاسانکاری عۆمان لە شاری ڕۆما بە بەشداری سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ڤیتکاف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڕێوەچوو و بە لێکتێگەیشتنی هەر دوو لا بۆ بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە هەفتەی داهاتوو کۆتایی هات “.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ” لەم گەڕەی دانوستانەکاندا، بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات وێڕای داڕشتنی چوارچێوەی گشتی دانوستانەکان، تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە هەندێک بابەتی گرنگ لە بواری هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان و دۆسیەی ناوەکی ئاڵوگۆڕ کرد. هەر دوو لا لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە گەڕی سێهەمی دانوستانەکان شەممەی داهاتوو لە مەسقەت بەڕێوە بچێت “.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ” بە پێی ئەوەی کە بڕیاردان سەبارەت بە هەر دوو بابەتی هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان و دۆسیەی ئاشتیخوازانەی ناوەکیی ئێران پێویستی بە لێکدانەوە و تاوتوێکردنی زیاترە، بڕیاردرا شاندەکانی هەر دوو وڵات لە ئاستی تەکنیکی ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لە مەسقەت کۆبوونەوەیەک بە ئاسانکاری وەزارەتی دەرەوەی عۆمان بەڕێوەببەن “./.