بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنیۆ تاجانی سەبارەت بە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا کە لە ڕۆما بەڕێوەچوو، وتی: ئێمە هاندەری ئەوە دەبین کە لە دۆسیەی ناوەکی ئێراندا ڕێکەوتنێک بکرێت و لە ڕوانگەی ئێمەشەوە ئەگەری ئەو ڕێکەوتنە لەئارادایە.
ناوبراو وتی: وەزیری دەرەوەی ئێران دڵنیایی ئەوەی بە من داوە کە وڵاتەکەی هیچ کات هەوڵی گەیشتن بە بۆمبی ناوەکی نادات. هەڵوێستی ئەوان ئەوەیە کە درێژە بە پلانی ئاشتیخوازانەی ناوەکی، نەک بۆ ئامانجی سەربازی، بدەن.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وتی: ئێران ڕایگەیاندووە کە ئامادەی دەستپێکردنەوەی چاودێری پێویستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییە لە سەر دامەزراوەکانی و باشتربوونی ڕۆڵی ئاژانسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران دەرفەتی ئەوە دابین دەکات کە چاودێری پێویست بۆ ڕێگری لە درووستکردنی بۆمبی ناوەکی بکرێت. گەیشتن بە ڕێکەوتن بابەتێکی گرنگە و لەم نێوەندەشدا ڕۆڵ و بەشداری چالاکانەی حکومەتی ئەمریکا گرنگ و بەبایەخە./.