بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ و هەستیاری نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگێڕیی عۆمان بەردەوامە، سەردانە فەرمییەکەی خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعوودیە بۆ تاران و کۆبوونەوەی لە گەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕادەستکردنی پەیامی شای سعوودیە، بە ڕووداوێکی گرنگ و ستراتیژی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە دادەنرێت.
سەبارەت بەم سەردانە پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بدرێت:
کاتێکی هەستیار و پەیام بۆ هەر دوو لایەنی دانوستانکار:
ئەم سەردانە هاوکاتە لە گەڵ دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە ئەم هاوکاتییە بە هیچ شێوەیەک بەڕێکەوت نییە. سعوودیە دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە ئەگەر ڕێکەوتن بکرێت ئەوا ڕۆڵی بنیاتنەری هەیە و ئەگەریش شکستی هێنا، شانبەشانی کاراکتەرەکانی دیکە کار دەکات بۆ ڕێگری لە گرژی و ئاڵۆزی.
پەیامێک بۆ داهاتوو بە بێ ڕێکەوتن:
یەکێک لە ئەگەرە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پەیامەکەی مەلیک سەلمان، ئەوەیە کە سعوودیە دڵنایی بە ئێران داوە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان لە گەڵ ئەمریکا، ئامادە نییە ببێتە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان. ئەمەش چەندین واتای هەیە:
دژایەتی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی سعوودیە بۆ هەر هێرشێکی سەر ئێران.
گەیاندنی ئەم پەیامە بە ئەمریکا کە سعوودیە نایەوێت ئامرازی ڕاستەوخۆی گوشار لە دژی ئێران بێت.
هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی سعوودیە لە گەڵ ئەمریکا و ئێران.
داواکاری سعوودیە:
خاڵێکی دیکە کە ڕەنگە لە پەیامەکەی سعوودیەدا هاتبێت، داوای کۆنتڕۆڵکردنی حوسییەکانە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هەر هێرشێکی ئەوان بۆ سەر سعوودیە بە تایبەت کێڵگە و کەشتییە نەوتییەکان.
ئەم نیگەرانییەی سعوودیە بە هۆی هێرشەکانی چەند مانگی ڕابردووی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و گەروی بابولمەندەب زیاتر بووە.
سعوودیە پێویستی بەوە هەیە کە دڵنیایی بدات ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ ئێران تەنیا لە سەر کاغەز نییە و دەبێت بە کردەوە بگاتە کەمکردنەوەی هەڕەشەکان.
ڕۆڵی سەربەخۆی سعوودیە:
سعوودیە هەوڵ دەدات بە سەردانەکەی خالید بن سەلمان بۆ تاران، خۆی بە کاراکتەرێکی سەربەخۆ و بەرەوپێشبەری ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بناسێنێت، نەک ئەوەی کە وڵاتێکی بەسراوەی ئەمریکا یان دژ بە ئێران بێت.
ئەم هەوڵانە هاوتەریبە لە گەڵ سیاسەتی دەرەوەی فەرەلایەنە و وریایی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە ئاستی دەرەوە کە هاوکات پەیوەندی نزیکی لە گەڵ ئەمریکا، چین، ڕووسیا و ئێران هەیە.
وەڵامێکی ستراتیژی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی:
نزیکایەتی ئێران و سعوودیە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دادەنرێت. زایۆنیستەکان هەوڵی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی ئەوەیانداوە بە ڕوبەڕوبونەوەی تاران و ڕیاز، بەرەیەکی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران بکەنەوە.
کۆبەند:
کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری سعوودیە لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕووداوێکی ستراتیژی بۆ ناوچەکە دادەنرێت. ئەم کۆبوونەوە نەک تەنیا هەوڵەکانی تاران و ڕیاز بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی فراوانترەوە پێناسەی پێگەی نوێی سعوودیە لە داڕشتنی سیستەمی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەلومەرجی دانوستانەکان لە گەڵ ئەمریکا دەکات.
بۆ ئێران ئەم سەردان و کۆبوونەوکانی دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی هێزی نەرم و ئەوەی کە دەتوانێت لە یەک کاتدا لە سەر مێزی دانوستان لە گەڵ ئەمریکا ئامادە بێت و پێگەی خۆی لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا بەهێزتر بکات. پەیامی ناڕاستەوخۆی ئێران بۆ ئەمریکا ئەوەیە کە لە ئەگەری نەبوونی ڕێکەوتن، ئامرازی جۆربەجۆری لە بەردەستدایە بۆ هاوسەنگکردنی هێز.
بۆ سعوودیە سەردانەکەی خالید بن سەلمان پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی کە چیدی ڕیاز سیاسەتی ڕوبەڕوبونەوە پەیرەو ناکات و ئامادە نییە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەو ڕژێمە بێت. هەروەها ئەگەر دانوستانەکان بە ئەنجام نەگات، ڕیاز هەوڵ دەدات بە پاراستنی کەناڵێکی پەیوەندی لە گەڵ تاران، ڕێگری لەوە بکات ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
لە کۆتاییدا ئەم سەردانە پیشان دەدات کە سیستەمی ناوچەکە لە ڕوبەڕوبونەوە بەرەو هاوکاری و هاوبەشییەکی ستراتیژیی مەرجدار هەنگاو دەنێت./.