بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕافائێل گەروسی بە گەشبینییەوە باسی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکای کرد و وتی: گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات کە لە ڕۆمای ئیتالیا بەڕێوەچوو، ڕۆژێکی ئەرێنی بۆ ئاشتی بووە.
ناوبراو ڕایگەیاند: ڕۆحی دانوستانەکانی ڕۆما ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بەرەوپێش بڕۆین.
گەروسی سەبارەت بە کاتی ڕێکەوتنی ئێران و ئەمریکا، وتی: باسی هەفتەکان دەکەین نەک مانگەکان، لەم دانوستانانەدا خواستێکی هەر دوو لا بۆ هەنگاوی خێرا بوونی هەیە، ئەگەرچی سیناریۆی خراپیش لە ئارادایە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وتی: من ویستی هەر دوو دانوستانکاری باڵام بۆ بەرەوپێشچوون بینیوە، لە گەڵ ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان وتووێژ دەکەم، تێڕوانینی تەکنیکی خۆم بەوان ڕادەگەێنم کە بابەتێکی پێویستە، لە بەر ئەوەی کە بە بێ چاودێری و پشتڕاستکردنەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتن سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران نییە./.