بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەی عەلی ئەکبەر ساڵحی و بافڵ تاڵەبانیدا باس لە پەیوەندییە دۆستانە و لەمێژینەکانی هەر دوو لا لە سەرجەم بوارەکاندا کرایەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان.
هەر لەو کۆبوونەوەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێکرا و جەخت لە هاوئاهەنگی و هاوکاری سەرجەم لایەنەکان کرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژییەکان.
بافڵ تاڵەبانی بە گەشبینییەوە باسی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد و هیوای ئەوەی خواست کە دانوستانەکان سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ زاڵبوون بە سەر ئاڵنگارییەکان و جەختیکردەوە کە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان باشترین بژاردەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن لە سەر پرسەکان.
هەروەها عەلی ئەکبەر ساڵحی بە ڕێزەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق لە بنیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەر دوو لا و خۆشحاڵی خۆیی دەربڕی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هەمان سیاسەت و پێگەیەکی بەهێزەوە درێژە بە کاری خۆی دەدات./.