بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پسپۆران پێشنیاری خواردنەوەی قاوە دەکەن پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە دەڵێن مەترسی لە سەر تەندرووستی هەیە، شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە قاوە زۆر سوودی تەندرووستی هەیە، دیارترینیان مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.
قاوە یەکێکە لە خواردنەوە بەربڵاوەکان لە جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن تەن لەو خواردنەوەیە بەرهەمدەهێنرێت، خواردنەوەی بەربڵاوی قاوە بووەتە هۆی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لە سەر کاریگەرییە تەندرووستییەکانی، بەتایبەتی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لە سەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە.
شیکارییەکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە خواردنەوەی قاوە مەترسی تووشبوون بە زۆرێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، بەڵام نەک هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، دەرەنجامەکانی پێشوو سەبارەت بە سوود و مەترسییەکانی خواردنەوەی قاوە لەسەر شێرپەنجە و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زۆرجار نادرووست بوون بە هۆی هۆکارەکانی وەک جگەرەکێشان و پێوەرەکانی بارستەی جەستە.
لە ڕاپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە قاوە خواردنەوەیەکی ئاڵۆزە، کوپێکی ئاسایی قاوە لە زیاتر لە ١٠٠ پێکهاتەی بایۆلۆجی و کیمیایی پێکدێت و پێکهاتەی ماددە کیمیاییە چالاکە زیندووەکان زۆر جیاوازە بەپێی جۆری قاوەکە و شێوازی ئامادەکردنەکەی.
زۆربەی جۆرەکانی قاوە ئەو ماددە و پێکهاتانەیان تێدایە کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەیان هەیە، مەگنیسیۆمی ناو قاوە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی کارکردنی ماسولکە و دەمارەکان و کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن و تەندرووستی ئێسکەکان، تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەریان هەیە و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.
هەروەها کافاین کاریگەری هاندەری هەیە کە دەتوانێت وریایی دەروونی باشتر بکات و ئەگەری توشبوون بە زەهایمەر کەمدەکاتەوە./.