پارێزگای کرماشان خاوەن کۆمەڵە تایبەتمەندییەکە لە ڕووی ئابوری، پیشەسازی، تەندرووستی، گەشتیاری و …. کە بەداخەوە نەتوانراوە وەک پێویست بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، کەڵک لەم توانا و تایبەتمەندییە وەربگیرێت.
دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێ لە سەردەمی سەرۆکایەتی دکتۆر مەسعود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، بووە هۆی جوڵەی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی پارێزگای کرماشان لە گەڵ هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە کە بە هۆی سنوری هاوبەشەوە پەیوەندییەکان زیاتر لە گەڵ هەر دوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی گەشەی سەندووە.
دکتۆر مەنوچەهر حەبیبی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کرماشان، جەختی لە سەر پێویستی کەڵک وەرگرتن لە توانا و دەفرایەتییەکانی ئەم پارێزگایە کردەوە و بە دیاریکراوی تەرکیزی خستووەتە سەر پەیوەندی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو سنورە هاوبەشەی لە نێوان هەر دوو لادا هەیە.
پارێزگاری کرماشان سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپاردووە و بە تایبەت دەسەڵاتی تەواوی بە کەرتی تایبەت، واتە ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای کرماشان، داوە کە بە هەموو توانایەکەوە پەیوەندییەکان لە گەڵ هەڵەبجە و سلێمانی بەرەوپێشتر ببەن.
دکتۆر مەنوچەهر حەبیبی لە ماوەی کەمی کارکردنی وەک پارێزگاری کرماشان، چەندین جار خاڵە سنورییە هاوبەشەکانی بەسەرکردووەتەوە و بەرپرسانی پەیوەندیداری بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان ڕاسپاردووە، چەندین جار لە گەڵ شاندە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و دیالە کۆبووەتەوە و پلان و بەرنامەی خۆیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان خستووەتەڕوو.
بە دڵنیاییەوە کە ئەم قۆناغە بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەر دوو لا دادەنرێت و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان بە تایبەت لە گەڵ پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، لە بەرژەوەندی خەڵکانی هەر دوو لا دەبێت. بەو هیوایە کە پارێزگارانی هەڵەبجە و سلێمانیش بە هەمان ئیرادە و پلانەوە پێشوازی لە نیازپاکیی پارێزگاری کرماشان بکەن، ئەڵبەت دڵنیام هەر واش دەبێت و بە یارمەتی خودای گەورە، خەڵکانی هەر دوو لا ئەنجامەکانی ئەم قۆناغ و دەرفەتە زێڕینە بەچاو ببینن.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی