بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکەوتن لە نێوان هانسی فلیک و یانەی بەرشەلۆنە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ دوای دانوستاندنەکانی ئەم دواییانە کۆتایی پێهات. ئەم بڕیارە لە بەر دوو هۆکاری سەرەکی دراوە: یەکەم، هەموو تەرکیزی تیپەکە لە سەر بردنەوەی سێ نازناوی لالیگا، جامی یەکێتی و چامپیۆنزلیگ لەم قۆناغە هەستیارەی وەرزدا و دووەمیش کێشە داراییەکانی بەرشەلۆنە کە ڕێگرە لە دەرکردنی بڕیاری ڕەسمی لە ئێستادا.
یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا لە لایەن لالیگا ڕوبەڕوی کێشەی دارایی بووەتەوە و ناتوانێت یاریزانی نوێ بکڕێت یان گرێبەستی هیچ کەسێک نوێ بکاتەوە. هەر لە بەر ئەم هۆکارەش درێژکردنەوەی گرێبەستی فلیک تا کۆتایی ئەم وەرزە دواخرا، بەڵام هەموو شتێک لە نێوان هەردوولادا یەکلایی کراوەتەوە. فلیک پێی باشترە گرێبەستی درێژخایەنی نەبێت بەڵام ڕازی بووە کە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژبکاتەوە.
فلیک پێشتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو: من ڕاهێنەرێک نیم کە بمەوێت گرێبەستێکی سێ ساڵە واژۆ بکەم و پێم وابێت داهاتووم مسۆگەر کراوە. من حەزم لە کارکردن بۆ بەرشەلۆنەیە کە باشترین یانەی جیهانە و بارودۆخی ئێستاش بەرز دەنرخێنم. بارودۆخی یانەکە ئاسان نییە. ئێستا بۆ ساڵێک درێژی دەکەمەوە و پاشان دەبینین چی روودەدات، هەنگاو بە هەنگاو، ساڵ بە ساڵ. ئەگەر هەموومان ڕازی بین، من بۆ ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبم. حەز دەکەم به نمرەیەکی باش کارەکەم تەواو بکەم.
ئەم درێژکردنەوەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ دڵنیایی دەدات تەنانەت ئەگەر لاپۆرتا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنە نەمێنێتەوە، فلیک گرێبەستی ساڵێکی دیکەی لە گەڵ سەرۆکی نوێی یانەی بەرشەلۆنە هەبێت. فلیک بە بەڕێوەبردنی باشی تیپی بەرشەلۆنە لە بارودۆخێکی سەختدا، پێگەی خۆی وەک یەکێک لە باشترین ڕاهێنەرەکانی ئێستا پاراستووە./.