بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد دونیامالی وەزیری وەرزش و گەنجانی ئێران لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی: بواری وەرزش و گەنجان، بوارێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە و یەکێک لە ڕێگاکانی پەیوەندیی ئێمە لە گەڵ عێراق دەتوانێت لە بواری گەنجاندا بێت.
ناوبراو وتی: بە پێی سیاسەتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە بواری گەنجیی دانیشتوواندا ڕوونیانکردووەتەوە، دەتوانین لە ڕێگای پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتی عێراق، هەنگاوی کاریگەر هەڵبگرین.
دونیامالی وتی: عێراق بۆ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر مەسعود پزیشکیان گرنگە و یەکەم سەردانی پاش دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ عێراق بووە کە تێیدا چەندین ڕێکەوتن واژۆ کرا.
ئەحمەد محەممەد حوسێن قاسم وەزیری وەرزش و گەنجانی عێراقیش وتی: لە گەڵ ئێران لە زۆر بواری تایبەت بە وەرزش و گەنجان هاوکاری دەکەین، وەرزشی ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە و بڕیارە لە ڕێگای ڕێکەوتنە هاوبەشەکانەوە ئیش و کارەکان بەرەو پێش ببەین.
ناوبراو وتی: لە ڕێگای خاڵە هاوبەشەکانی ئێران و عێراقەوە دەتوانین بە سەر کێشە و بەربەستەکاندا زاڵ بین.
وتیشی کە لە ڕێگای دیپلۆماسی وەرزشییەوە دەتوانین پەیوەندییە سیاسییەکان بەهێزتر بکەین./.