بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێژوونووسان شاری کرماشان بە پایتەختی حکومەتە مێژووییە جۆراوجۆرەکان ناودەبەن و هۆکارەکەشی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر شوێنەواری مێژوویی لەم شارەدایە. نزیکەی 4800 ساڵ لەمەوبەر کە حکومەتی لولوبیان لە میزۆپۆتامیاوە هاتووە بۆ سنورەکانی ئێستای وڵاتی ئێران، دوو شاری پیتان و هاڵمانیان لە شوێنی ئێستای سەرپێڵی زەهاو دامەزراند.
لەم بارەیەوە لە سەر شاخی پاتیر لە سەرپێڵی زەهاو بەردەنووسێک هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 4800 ساڵ لەمەوبەر کە لە لایەن ئانۆبانی نی پاشای بەهێزی حکومەتی لولوبیان بۆ یادکردنەوەی سەرکەوتنەکانی بە سەر دوژمناندا بە ڕێنووسی ئەکەدی نووسراوە کە مێژووناسان بە کۆنترین بەردەنووسی دۆزراو لە ئاسیا دەیناسن.
هەروەها لە خوارەوەی ئەم دیاردە مێژووییە، بەردەنووسێکی دیکەش هەیە کە شوێنەوارناسان بە سەردەمی نارام سین پاشای بەهێزی ئەکەدییەکان دایدەنێن کە بە گرنگترین بەردەنووس لە ئێران و ئاسیا ناودەبرێت.
زۆرێک لە مێژوونووسان دان بەوەدا دەنێن کە ئەم بەردەنووسە کۆنترین بەردەنووسە لە ئاسیادا. ژاک دێمۆرگان لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئێران کە سەرۆکی گروپی فەرەنسی بوو جەخت لەوە دەکاتەوە: لە سەرپێلی زەهاودا بەردەنووسێکی زۆر گرنگ هەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە یەکێکە لە گرنگترین بەردەنووسەکانی ئاسیایە. ئیبن خەلدونیش پێیوایە: بەردەنووسی پاشای ئانۆبانی نی گرنگترین و کۆنترین بەردەنووسە کە لە ئاسیا بینیومە.
لە بەردەنووسی ئانۆبانی نیدا یەکێک لە دوژمنەکان لە ژێر پێی پاشای لولوبییەکان دانراوە و دوو سەرباز بە زنجیر بەستراون و شەش سەربازی دوژمن دەستیان بەستراوەتەوە کە زۆر لە بەردەنووسی بێستون دەچێت. بەم پێیە، ژمارەیەک لە مێژوونووسان بەردەنووسی بێستون بە لاساییکردنەوەی بەردەنووسی ئانۆبانی نی دادەنێن.
بۆ نموونە پرۆفیسۆر هایدی ماری کۆچ لە کتێبی (لە دەمی داریوش) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەنووسی بێستون لاساییکردنەوەیەکی سەرکەوتووی بەردەنووسی سەرپێڵی زەهاوە. دکتۆر حوجەت سەیدی شوێنەوارناس پێیوایە: ئەم بەردەنووسە لە ڕووی مێژووییەوە زۆر کۆنترە لە بەردەنووسەکانی دیکە کە دۆزراونەتەوە و هەر لە بەر ئەم هۆکارەش دەتوانرێت بە کۆنترین بەردەنووسی دۆزراو لە ئاسیا ناوببرێت.
هەرچەندە گرنگی مێژوویی و گەشتیاری ئەم بەردەنووسە زۆر بەرزە بەڵام جێگەی سەرنجە بزانین ئەمڕۆ ئەم دیاردە مێژووییە بەنرخە زۆر زیانی پێگەیشتووە. ئەم بەردەنووسە چەندین ساڵە لە لایەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی کەلتوری پارێزگای کرماشان بە تەواوی پشتگوێ خراوە. سەرەڕای هەوڵ و داواکارییە بەردەوامەکانی خەڵک و بەرپرسانی قەزای سەرپێڵی زەهاو هیچ کارێک بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ئەم بەردەنووسە نەگیراوەتە بەر.
فەتحوڵڵا حوسێنی نوێنەری قەزای سەرپێڵی زەهاو لە پەرلەمانی ئێران بە جام کوردیی ڕاگەیاند کە: پاراستنی شوێنەوارە مێژووییە بەنرخەکان وەک میراتی هەمیشەیی وڵاتەکەمان لە ئەستۆی وەزارەتی میراتی کەلتوریە کە بەداخەوە ئەم شوێنەوارە دێرینەی فەرامۆش کردووە. بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەم و هۆشداریی پێویست دەدەمه لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ناوبراو وتیشی: هیوادارین بەرپرسانی وڵاتی ئێران و پارێزگای کرماشان لە گرنگی ئەم ئاسەوار مێژووییە تێبگەن و بە پاراستن و نۆژەنکردنەوە، هەلومەرجی پێویست بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و بینینی ئەم دیاردە مێژووییە لە ئێران و جیهاندا ڕێکبخەن./.