بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەشرەف نۆباتی ناسراو بە پەرتۆ کرماشانی لە ساڵی 1931 لە کرماشان لە دایکبووە. هەر لە منداڵییەوە حەزی لە وێژە هەبووە و ئەمەش وای لێکردووە ببێتە شاعیرێکی گەورە و شیعری جوان بنووسێت. ئەم شاعیره گەوره له نووسینی شیعرەکانیدا بایەخی به شاعیرانی گەورەی وڵاتی ئێران داوه. ئەمەش وایکردووە ناوەکەی نەک تەنیا لە شارەکەی خۆیدا بەڵکوو لە سەرانسەری ئێراندا بدرەوشێتەوە. خۆی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ مەکتەبی شاعیرە گەورەکانی ئەدەبی ئێرانی دەڵێت:
فردەوسی هەر لە منداڵییەوە بوو بە مامۆستام
لە گەڵ حافزی شیراز بەڕێکەوتم
من لە سائبی تەورێز زیندانی کرام
هاوڕێیەتی شەهریار ئازادی کردم
پەرتۆ کرماشانی شیعری بە هەر دوو زمانی فارسی و کوردی نووسیوە و لە هەردووکیاندا سەرکەوتوو بووە. شیعرەکانی له کتێبێکدا بەناوی “کۆڵانی باغی” لە لایەن محەممەد عەلی سوڵتانی توێژەری گەورەی کرماشانی کۆکراونەتەوە و چەندین جار چاپ کراوە. ئەم کتێبه شیعری فارسی و کوردی و فارسی کرماشانی له خۆ دەگرێت. شیعرە کوردییەکانی بریتین لە غەزەڵ و چوارینە. دەبێت بڵێین شیعرە کوردییەکانی لە ناو خەڵکی کرماشان زۆر بەناوبانگترن.
زۆرێک لە شارەزایانی ئەدەبی وڵاتی ئێرانی ئەم شاعیره گەورە دەناسن و باسیان لێوە کردووە. ئیرەج ئەفشار نووسەر و توێژەری کەلتور و مێژوو و ئەدەبی ئێرانی سەبارەت بەم شاعیرە دەڵێت: ئەو شیعرانەی کە ئەم شاعیرە باسی وشەکانی پەیوەست بە سرووشت دەکات زۆر پەرۆشم دەکات. عەبدولحوسێن نەوایی نووسەر و مێژوونووس هەستی ناسک و خەیاڵی ئەم شاعیرە بەم شێوەیە وەسف دەکات :ئەم شیعرانەی که وشەکانیان جوانە و مانایان ڕوونه و ئاشکرایه، لە لایەن پیاوێکی زۆر هەستیارەوە نووسراوە کە باسی ئازار دەکات، بەڵام بە زمانی شیعر. بۆ ئەوەی هەست بە خەمی شاراوەی پیاوان بکەیت چونکە پیاوان ناگرین و ئەو خەمانە لە ناوی خۆیاندا دەهێڵنەوە.
پەرتۆ کرماشانی نەک تەنیا شاعیرێکی گەورەیە بەڵکوو کەسێکی بیرمەندە. شیعری لە سەر خەڵک و ئازاری خەڵک نووسیوە و هەر ئەوەش ئەم شاعیرەی گەورە و سەربەرز کردووە. ئەم شاعیرە بەناوبانگ و قسە شیرینە لە 25ی کانوونی دووەم ساڵی 2022 لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد./.