بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێدواردۆ کاماڤینگا کە لە نیوەی دووەمی یارییەکە بەرامبەر گێتافێ لە جێگەی داڤید ئالابا هاتە یارییەوە، لە خولەکی 89 بە هۆی ئازاری قاچییەوە کەوتە سەر زەوی. ئەمە کاتێک ڕوویدا کە هەوڵی دەدا هێرشێکی باش دەستپێبکات بەڵام لە پێکدادانێکدا لە گەڵ لویس میا تووشی پێکان بوو. لە بەر ئەوەی ڕیال مەدرید هەر پێنج گۆڕینەکەی ئەنجامدابوو، کاماڤینگا هاتە دەرەوە یاریەکە و ڕیال مەدرید بە 10 یاریزان یاریەکەی تەواو کرد.
یانەی ڕیال مەدرید به فەرمی پێکانی ئێدواردۆ کاماڤینگای ڕاگەیاند، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی تیمی پزیشکی یانەکە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی فەرەنسی لانیکەم بۆ ماوەی 3 مانگ لە یارییەکان دووردەکەوێتەوە.
ئەم پێکانە کێشەیەکی گەورە بۆ پلانەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی درووست دەکات لە قۆناغە هەستیارەکانی کۆتایی وەرزدا. ئەم پێکانەش نوێترین پێکان لە لیستی کێشە جەستەییەکانی ئێدواردۆ کاماڤینگا بووە.
لە کانوونی دووەمی 2025، لە یاری جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ تووشی کێشەی قاچی چەپی بوو و بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یارییەکان دوورکەوتەوە. بە هۆی ئەم پێکانە نوێیە، وەرزی ژمارە 6ی ڕیال مەدرید کۆتایی پێهات و تەنانەت لە بەشداریکردنی جامی جیهانی یانەکانیش دوور دەخرێتەوە./.