بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کێڤن دی برۆین ڕایگەیاندووە کە ئەم وەرزە دوایین دەرکەوتنی دەبێت لە مانچستەرسیتی و ئاستۆن ڤێلا حەزی خۆی بۆ گرێبەستکردن لە گەڵ ئەم یاریزانە 33 ساڵە دەربڕیوە. یانەی ئاستۆن ڤێلا دانوستانەکانی بۆ پشکنینی ئەگەری گواستنەوەی کێڤن دی برۆین ئەنجامداوە. دی برۆین لە سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند کە ئەم وەرزە دوایین وەرزی دەبێت لە مانچێستەرسیتی چونکە گرێبەستەکەی ئێستا لە دوایین ساڵی خۆیدایە.
جگە لە تیپەکانی پرێمەرلیگ، چوار یانەی خولی MLS کە بریتین لە ئینتەر میامی، شیکاگۆ فایەر و نیویۆرک سیتی و دی سی یونایتد چەندین پرسیاریان سەبارەت بە پێشبینییە پیشەیی و داراییەکانی دی برۆین درووستکردووە. هەروەها یانەی کۆمۆ لە خولی ئیتاڵیاش لێکۆڵینەوە لە ئەگەری وەرگرتنی ئەم یاریزانە دەکات.
لە 4ی نیسانی ئەمساڵ، ڕاگەێندرا کە کێڤن دی برۆین دوای دە ساڵ دەرکەوتنی بێ هاوتا مانچستەرسیتی جێدەهێڵێت. ئەم یاریزانە تەمەن 33 ساڵە کە 16 جامی پاڵەوانێتی بردووەتەوە کە شەش پاڵەوانێتی پرێمەرلیگ و یەک پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ لەخۆدەگرێت، هاوینی داهاتوو ئەم یانە جێدەهێڵێت. دی برۆین لە 417 یاریدا 107 گۆڵی بۆ مانچستەرسیتی تۆمارکردووە.
ئەم یاریزانە لە ساڵی 2015 لە یانەی فۆلفسبۆرگی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە مانچستەرسیتی کرد بە گرێبەستێکی 60 ملیۆن دۆلاری و دوای ئەوەی پێپ گواردیۆلا ساڵی دواتر وەک ڕاهێنەر دەستی پێکرد، گەیشتە لوتکەی درەوشانەوەی خۆی. ئەو پێگەی خۆی وەک یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی مانچستەرسیتی پاراستووە و بێگومان یەکێک بووە لە کاریگەرترین یاریزانەکان لە سەردەمی ئێستای خولی بەریتانیا./.