بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ شەممە 26 ی نیسانی 2025 مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە گەڵ نوخشە ناسیح پارێزگای هەڵەبجە بەوەکالەت کۆبووە.
هەر دوو پارێزگار لە پاش کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ڕێکخست.
نوخشە ناسیح پارێزگاری بەوەکالەتی هەڵەبجە وتی: سەردانی پارێزگاری کرماشان چەند مەبەستی هەیە و یەکێک لەو مەبەستانە پیرۆزبایی لە هەڵەبجە بووە کە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراقە و هەروەها کۆبوونەوەیەکمان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان ساز کرد.
ناوبراو وتی: جگە لە پەیوەندی هاوسنوری، هەموو کات پەیوەندییەکی باشمان هەبووە و هەوڵ دەدرێت پەیوەندییەکان باشتریش بکرێت.
پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت وتی: لە مانگی داهاتوودا بەردی بناغەی ڕێگای دەروازی سنوریی سازان دادەنرێت.
وتیشی کە لە لایەن ئێرانەوە بەڵێنمان پێدراوە ئامادەکاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی دەروازە سنورییەکە ئامادەی کرانەوە بێت.
هاوکات مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان وتی: ئامانجی سەردانەکەم پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو پارێزگاکەیە و هەروەها بۆ پیرۆزباییکردنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
ناوبراو وتی: دوو وڵاتی ئێران و عێراق پەیوەندی قووڵیان هەیە و ئاسایش و ئابورییان پێکەوە بەسراوەتەوە./.