بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچەهر حەبیبی لە گەڵ مامۆستا قادر قادری کۆبووە و وێڕای جەختکردنەوە لە سەر یەکڕیزی شیعە و سوننە، ڕایگەیاند کە پارێزگای کرماشان هێمای یەکگرتوویی نەتەوە و ئایینەکانی ئێرانە.
پارێزگاری کرماشان لەو کۆبوونەوەدا بە بەرزنرخاندنی پێگەی دیار و بەرچاوی زانایان و پیاوانی ئایینی سوننە لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی مەزهەبە ئیسلامییەکان، جەختی لە سەر گرنگی یەکگرتوویی زیاتری نێوان موسڵمانان، چ شیعە و چ سوننە کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە مێژووی دوور و درێژی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان لە پارێزگای کرماشان وتی: کرماشان هەمیشە مۆدێلی هاوسۆزی و یەکڕیزی بووە لە وڵاتدا و ئەم سەروەت و سامانە بەنرخە دەبێت بە هاوکاری زانایان و بەرپرسان و خەڵک بپارێزرێت و تەنانەت بەهێزتر بکرێت.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا مامۆستا قادری وتارخوێنی هەینیی شاری پاوە پێشوازی لە ئامادەبوون و تێڕوانینی یەکگرتووانەی پارێزگاری کرماشان کرد و وتی: یەکگرتوویی موسڵمانان نهێنی سەرکەوتن و شەرەفی نەتەوە ئیسلامییە و دەبێت لە هەر ناکۆکی و دووبەرەکییەک دوور بخرێتەوە./.