بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی کۆمیتەی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین بۆ دەستنیشانکردنی حوسێن شێخ وەک جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، هەنگاوێکی نەخوازراوە و بە فەرمانی لایەنی دەرەکی ئەوە کراوە و دەبێتە هۆی سیاسەتی تاکڕەوی و سڕینەوەی کەسانی دیکە بە بێ ڕێکەوتنی نیشتمانی و ئیرادەی گەلی فەڵەستین.
لە بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە کە ئەم بڕیارە پیشاندەری پێداگریی بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینە بۆ تێکدانی دامەزراوەکانی سەر بەم ڕێکخراوە، لە کاتێکدا کە دەبێت چەترێک بێت بۆ کۆکردنەوەی خەباتی گەلی فەڵەستین و هێزە چالاکەکانی دیکە لە ژێر سێبەری خۆیدا.
حەماس ڕایگەیاندووە کە یەکەمایەتی گەلی فەڵەستین لە ئێستادا ڕاگرتنی دەستدرێژی و تاوانی کۆمەڵکوژی و برسیکردن و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاران و سیاسەتی درووستکردنی شارۆچکە جولەکەنشینەکانە، نەک دابەشکردنی پۆست و کێکی دەسەڵات بۆ ڕاکێشان و ڕەزامەندی لایەنەکانی دەرەکی.
حەماس داوای لە سەرجەم گرووپ و ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان کردووە ئەم بڕیارە ڕەتبکەنەوە و جەخت لە سەر ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین بە پێی بنەما نیشتمانی و دیمۆکراسییەکان و بە دوور لە سەپاندنی ڕا و ئیرادەی دەرەکی بکەنەوە، بە جۆرێک کە ئەم ڕێکخراوە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی فەڵەستین بێت و خزمەت بە دۆزی دادپەروەرانەی ئەوان بکات./.