بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زۆر کەس پێیان وایە تەنیا پرۆتینی ئاژەڵ و پرۆتینی (whey) دوای وەرزش دەتوانن ماسولکە درووست بکەن و ببنە هۆی نوێبوونەوە یان بەهێزکردنی ماسولکەکان. بەڵام دەبێت بزانیت کە بۆ درووستکردنی ماسولکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان پرۆتینی ئاژەڵ و پرۆتینی ڕووەکی نییە. ئەمە بابەتێکە زۆر لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە و چەندین وتاری زانستی لە سەری نووسراوە و توێژەران پشتڕاستیان کردووەتەوە.
درووستکردنی ماسولکە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە پشت بە کۆمەڵێک هۆکار دەبەستێت، هەر لە خۆراکی گونجاوەوە تا وەرزش و پشوودانی پێویست. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە درووستکردنی ماسولکە بەندە بە بڕی پرۆتینی بەکارهاتوو. پرۆتین بە گرنگترین هۆکاری بنیاتنانی ماسولکەکان ناسراوە و بۆ چاککردنەوە و گەشەی ماسولکەکان گرنگە.
توێژینەوەکان دەریخستووە کە ڕووەکخۆری بە ئەگەر باشی ڕێک بخرێت دەتوانێت پرۆتینی پێویست بۆ درووستکردنی ماسولکەکان دابین بکات. تاکە خاڵ ئەوەیە کە ڕووەکخۆران و ئەوانەی سەرچاوەی نائاژەڵی بەکاردەهێنن بۆ دابینکردنی پرۆتینەکانیان، دەبێت پرۆتینی ڕووەکی لە سەرچاوەی جۆراوجۆر و دەوڵەمەند هەڵبژێرن. نیسک، نۆک، فاسۆلیا، بەزالیا، چەرەسات، بەرهەمەکانی سۆیا و هەندێک دانەوێڵە وەک کینوا و جۆ باشترین سەرچاوەی پرۆتینی ڕووەکین.
هەندێک پێشنیار بۆ بەکارهێنەرانی پرۆتینی ڕووەکی:
1- دابینکردنی پرۆتینی پێویست لە خۆراکی ڕۆژانەدا زۆر گرنگە. ئەو کەسانەی وەرزشی قورس دەکەن دەتوانن پرۆتینی پێویست بەدەست بهێنن لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەرچاوەی جۆراوجۆر وەک فاسۆلیا، نیسک، جۆ، شیری سۆیا، چەرەسات، تۆو و دانەوێڵە.
2- زۆر گرنگە کە گرنگی بە کاتی وەرگرتنی پرۆتین بدەیت. لە کاتی نانی ئێوارە و نیوەڕۆ یان دوای وەرزش.
3- جگە لە پرۆتین، وزەی پێویست و خۆراکی دیکه وەک کاربۆهیدرات، چەوری تەندرووست، ڤیتامینەکان و کانزاکان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی درووستکردنی ماسولکەکان پێویستن./.