بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەرئەنجامی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ململانێکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات بودجەی سەربازیی جیهانی، لە نێو وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە 2.72 ترلیۆن دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2023 نزیکەی 9.4% زیادیکردووە، هەروەها بە گەورەترین زیادبوونی ساڵانە دادەنرێت لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە.
ئەو زانیاریانەی لە لایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵمەوە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەدەن کە بەرزبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان بووەتە هۆی زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان لە هەموو ناوچەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە گەشەسەندنی خێرای خەرجییە سەربازییەکانیان بەخۆیەوە بینیوە.
پەیمانگاکە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بودجەی سەربازیی وڵاتان بدات، ڕایگەیاند: زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان لە ساڵی 2024دا بودجەی سەربازیی خۆیان زیادکردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکومەتەکان تادێت ئاسایشی سەربازی بە زیانی بوارەکانی دیکەی بودجە لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن، ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕە ئابوری و کۆمەڵایەتییانە دەتوانن لە ساڵانی داهاتوودا لێکەوتەی بەرچاویان بۆ کۆمەڵگاکان هەبێت.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: شەڕی ئۆکرانیا و گومان لە پابەندبوونی ئەمریکا بە ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بووەتە هۆی زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکانی ئەورووپا بە ڕێژەی لەسەدا ١٧ بە ڕووسیاشەوە، هەروەها بودجەی سەربازیی ئەورووپای لەو ئاستە تێپەڕاندووە کە لە کۆتایی شەڕی سارددا تۆمارکرابوو.
شایانی باسە، بودجەی سەربازیی ڕووسیا لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە نزیکەی 149 ملیار دۆلار، کە بە ڕێژەی 38% زیاترە لە ساڵی 2023 و دوو هێندە زیاترە لەو ئاستەی کە لە ساڵی 2015 تۆمارکراوە.
هەروەها بودجەی سەربازیی ئەمریکا بەڕێژەی 5.7% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 997 ملیار دۆلار کە 66%ی کۆی بودجەی ناتۆ و 37%ی بودجەی سەربازی جیهانی لە ساڵی 2024 پێکدەهێنێت./.