بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ لامین یامال لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یاری بەرامبەر ئینتەر بەشداری کرد. سبەینێ ژمارەی یارییەکانی ئەم یاریزانه بۆ یانەی بەرشەلۆنه دەگاته 100یاری. یامال زۆر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا دەرناکەوێت، بۆیە چاوەڕوانییەکی زۆر هەبوو سەبارەت بەوەی دوای بردنەوەی جامی شای ئیسپانیا چی دەڵێت.
یامال لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: ئێمە زۆر دڵخۆش و پەرۆشین. ئەمە یەکەم یاری پێش کۆتاییە بۆ من و هەروەها بۆ زۆر یاریزانی دیکەش بە هەمان شێوە. ئێمە پەرۆشییەکی زۆرمان هەیە بۆ سەرکەوتن لە کۆتایی. تاوەکوو نەیبەمەوە، کەس ناتوانێت هیچ شتێکم پێ بڵێت. کاتێک شکست دەهێنم، بەڵێ، ئەوان دەتوانن قسە بکەن. دەمەوێت لە لایەن خەڵکەوە وەک یاریزانێکی باش و بەڕێز لەیاد بکرێم.
وتیشی: لە تەمەنی مندا کەم کەس توانیویەتی 100 یاری بۆ یانەیەکی گەورەی وەک بەرشەلۆنە ئەنجام بدات. ئەوەی بۆ من بەنرخترینە، پاراستنی هاندانێکی هەمیشەییە. ئاستی ئەدای من لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە بەرشەلۆنە شتێک نییە کە کەسێک بە ئاسانی بتوانێت بەدەستی بهێنێت. ئەمە بۆ من زۆر گرنگە. لە تۆپی پێ تەمەن گرنگ نییە. هەمووی بەندە بە توانای هەر کەسێک. ئەگەر ئامادەیت، تۆ ئامادەیت. ئێمە ئەوەمان نیشان داوە که تیپێکی گەنجین و ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش دەکەین.
ناوبراو سەبارەت به یانەی ئینتەر ڕایگەیاند: ئێمە دەزانین کە هێڵی بەرگرییان زۆر بەهێزە و ئەمەش بەهێزترین چەکیانە. هەروەها لە هێرشەکاندا زۆر باش کار دەکەن. ئێمە زۆر بەتواناین لە کارکردن لە گەڵ تۆپ. پێویستە هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی بەرەو قۆناغی داهاتوو بڕۆین.
یامال سەبارەت بە بەراوردکردنی خۆی لە گەڵ مێسی ڕایگەیاند: من خۆم لە گەڵ هیچ کەسێکدا بەراورد ناکەم، تەنانەت مێسیش! ئەم بەراوردکردنە بۆ تۆ بەجێدەهێڵم. بەراوردێکی لەم شێوەیە بێ مانایە، بەتایبەت لە گەڵ مێسی. دەمەوێت چێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و ڕێگای خۆم بدۆزمەوە. مێسی باشترین یاریزانی مێژووە و هەمیشە خۆشم دەوێت. با ئەمەش بڵێم که من قسەم لە گەڵی نەکردووە و هیچ پەیوەندییەکمان نییە./.