بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکان دەریدەخەن لە ناوەڕاستی ساڵی 2000 ەوە ڕێژەی مردن بە شێرپەنجەی قۆلۆن لە کەسانی خوار تەمەن 55 ساڵدا ساڵانە لە سەدا 1ی زیادی کردووە. بە پێی پێشبینییەکان، ژمارەی تووشبووانی ئەم شێرپەنجەیە لە کەسانی خوار تەمەن 50 ساڵیدا تا ساڵی 2030 دوو هێندە زیاتر دەبێتەوە.
لە کاتێکدا هۆکاری ئەم دیاردەیە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە گرنگیدان بە خۆراکی تەندرووستە. دکتۆر جۆزێف ساڵهاب پسپۆڕی کۆئەندامی هەرس ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی زانستی کردووە و چوار میوەی ناساندووە کە کاریگەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆلۆن.
شووتی؛ دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێز بۆ تەندروستی ڕیخۆڵە:
شووتی تەنیا میوەیەکی هاوینە نییە، بەڵکوو لیکوپینی تێدایە کە دژە ئۆکسینەرێکی بەهێزە و دەتوانێت ڕێگە لە زیان گەیاندن بە خانەکان بگرێت. بە پێی توێژینەوەکان، خواردنی بەردەوامی شوتی مەترسی شێرپەنجەی قۆلۆن لە سەدا 26ی کەم دەکاتەوە. هەروەها ڕێژەی بەرزی ئاوی ئەم میوەیە یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی کاری کۆئەندامی هەرس و هەرسکردن.
سێو؛ ڕۆژانە یەک سێو چاودێری تەندرووستیت دەکات:
سێو یەکێکی دیکە لە میوەکانە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە خۆپاراستن لە شێرپەنجەی قۆلۆن. خواردنی ڕۆژانەی سێو مەترسی شێرپەنجە لە سەدا 25ی کەم دەکاتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمە بوونی ڕیشاڵی سرووشتییە لە سێودا کە جوڵەی گەدە و ڕیخۆڵە ئاسان دەکات و بەرکەوتنی ڕیخۆڵە لە گەڵ ماددە شێرپەنجەییەکان کەم دەکاتەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی سێ بۆ شەش سێو لە هەفتەیەکدا مەترسی مردنی پێشوەختە لە سەدا 30 کەم دەکاتەوە.
کیوی؛ هۆکاری تەندرووستی هەرس:
کیوی یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکانی ڕیشاڵی سرووشتی لە نێو میوەکاندا. ئەم ڕیشاڵانە یارمەتی باشترکردنی تەندرووستی هەرس و کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجەی قۆلۆن دەدەن. هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و دژە ئۆکسێنەرەکانی دیکە کە خانەکان دەپارێزن. سەرەڕای ئەوەش، کیوی یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی جوڵەی ڕیخۆڵە و کەمکردنەوەی کێشەکانی هەرس وەک قەبزی.
پرتەقاڵ و لیمۆ؛ سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین C:
پرتەقاڵ و لیمۆ لەو میوانە دەبن کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجەی قۆلۆن. ئەم میوانە فلاڤۆنۆئیدیان تێدایە کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەیان هەیە. خواردنی بەردەوامی ئەم میوانە مەترسی شێرپەنجەی قۆلۆن لە سەدا 9ی کەم دەکاتەوە./.