بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حازم خالیدی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ دکتۆر محەممەد جەعفەر قائم پەنا جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکاری کۆبووە.
جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە هاوبەشی کەلتوری، ئایینی و سنوری لە گەڵ عێراق، پەرەپێدانی ڕێڕەوی گواستنەوە بە تایبەت هێڵەکانی شەمەندەفەری بە پێویستییەک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر دوو وڵات ناو برد.
قائم پەنا بە ئاماژە بە گرنگی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە، ڕایگەیاند: بەڵێنەکانی لایەنی ئێرانی لەم پرۆژەیەدا بە باشی جێبەجێ دەکرێن و ژێرخانی هێڵی ئاسن لە ناوخۆی ئێران بە پێی پلان بەرەوپێش دەڕوات و چاوەڕوان دەکەین لایەنی عێراقیش جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خێراتر بکات و بۆ ئەوەی پرۆژەکە لە کەمترین ماوەدا تەواو بکرێت.
ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی ڕێکەوتنی مێژوویی ئێران و عێراق سەبارەت بە هێڵی شەمەندەفەر، وتی: پرۆژەی هێڵی ئاسنی خۆسرەوی – بەغدا یەکێکە لەو پرۆژە ستراتیژییانەی کە بەلەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگای دەروازەی سنوریی خۆسرەوییەوە دەکرێت بە جیدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسان بکات و هەروەها ڕێگایەکی نوێ بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی هەر دوو وڵات بێت.
لەو کۆبوونەوەدا حازم خالیدی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامی هاوخەمی حکومەتی وڵاتەکەیی بە بۆنەی ڕووداوەکەی بەندەرعەباسەوە گەیاندە جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند کە پرۆژەی پاککردنەوەی ڕێگای شەلەمچە – بەسرە دراوەتە کۆمپانیایەکی ئیسپانی و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەکانی دەست پێدەکات./.