بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کلۆربوونی ددان کاتێک دەست پێدەکات کە بەشە جیاوازەکانی ددان بە هۆی چالاکی بەکتریاکانی ناو دەمەوە لەناودەچن. ئەم بەکتریانە دوای خواردنی خوراکی شەکری، ترش بەرهەم دەهێنن کە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی خراپ بوونی ددان. زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی کلۆربوونی ددان، بەڵام یەکێک لە گرنگترینیان خۆراکی خراپە.
بەڵام هۆکارێکی دیکه کە لە تەندرووستی ددان پشتگوێ خراوە کەمی هەندێک ڤیتامین گرنگە لە خۆراکدا. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە وەرنەگرتنی ڤیتامین A، D و C مەترسی کلۆربوونی ددان زیاد دەکات.
ڤیتامینە گرنگەکان بۆ پاراستنی تەندرووستی ددان بریتین لە:
1- ڤیتامین A و تەندرووستی ددان:
ڤیتامین A ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندرووستی خانەکانی ئێپیتلیال کە کانزای گرنگ وەک کالسیۆم، فۆسفۆر، فلۆراید و مەگنیسیۆم دەگوازنەوە بۆ ددانەکان. ئەم ماددانە گرنگترین هۆکارن لە دروستبوونی ددان.
2- ڤیتامین D و بەهێزی ددان:
ڤیتامین D وەک رێکخەرێکی گرنگ کار دەکات لە هەڵمژین و هاوسەنگی کالسیۆم و فۆسفۆر لە جەستەدا. ئەم دوو کانزایە بۆ گەشەکردن و بەهێزی ددانەکان گرنگن. توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵانەی ڤیتامین Dیان بەرزە ڕێژەی کلۆربوونی ددانیان کەمترە.
3- ڤیتامین C و تەندرووستی پووک:
کەمی ڤیتامین C دەبێتە هۆی هەوکردن و خوێنبەربوونی پووک، بەتایبەتی لە کاتی فڵچەکردنی ددان. ئەم حاڵەتە نەک تەنیا نیشانەی نەخۆشی پووکە، بەڵکوو دەبێتە هۆی شلبوونی ددانەکانیش بە تێپەڕبوونی کات./.