بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود مورادی، پسپۆڕی پێست و قژ ڕایگەیاندووە: قارچکی نینۆک یەکێکە لە بەربڵاوترین هەوکردنەکانی پێست کە زۆرجار بە شێوەی خەت، پەڵەی سپی، زەرد یان قاوەیی لە ژێر نینۆکدا دەردەکەوێت. ئەم نەخۆشییە بەتایبەت لە نێو ئافرەتاندا بڵاوە کە زۆرجار بۆیاخی نینۆک بەکاردەهێنن.
نیشانە سەرەتاییەکانی ئەم هەوکردنە بریتین لە ئەستووربوونی نینۆک، گۆڕینی ڕەنگ بۆ زەرد یان قاوەیی و لە هەندێک حاڵەتدا هەڵوەرینی نینۆک کە بە زۆری یەک یان دوو نینۆک دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت، هەوکردنەکە بڵاو دەبێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە نموونەی نینۆک دەنێردرێت بۆ تاقیگە و بوونی هەوکردن بە پشکنین لە ژێر مایکرۆسکۆبدا پشتڕاست دەکرێتەوە. بەکارهێنانی بۆیاخی نینۆک بۆ ماوەیەکی درێژ، بەرکەوتنی بەردەوام لە گەڵ مادده پاکژکەرەوە بەهێزەکان، خراپی پاکوخاوێنی پێ و دەست بەتایبەت لە شوێنی شێداردا، لەپێکردنی پێڵاوی تەسک یان بەکارهێنانی گۆرەوی نەگونجاو و ئارەقکردنی زۆری پێیەکان بەتایبەت لە وەرزشوانان یان ئەو کەسانەی کە پێیان کاتێکی زۆر لە پێڵاودا بەسەر دەبات، هۆکاری تووشبوون بە قارچکی نینۆکن.
مورادی لە درێژەدا ڕایگەیاند: بۆ خۆپاراستن لە قارچکی نینۆک، ئامۆژگاری دەکرێت بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی دەست و پێ، شوێنی نێوان پەنجەکان وشک بهێڵنەوە، بەکارهێنانی دەستکێش کاتێک بەرکەوتن لە مادده پاکژکەرەوەکان و دوورکەوتن لە بەکارهێنانی بەردەوامی بۆیاخی نینۆک./.