بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم دواییانەدا، توێژەرانی چینی لە سەر بنەمای توێژینەوەیەک، ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنی خوێی زۆر لەوانەیە پەیوەندی بە هەندێک کێشەی دەروونییەوە هەبێت، لەوانە زیادبوونی مەترسی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
دکتۆر محەممەد هاشمی شارەزا له بواری تەندرووستی لەم بارەیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا هیچ پەیوەندییەکی سەلمێندراو لە نێوان مەترسی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بە هۆی خواردنی خوێی زۆرەوە نییە و ڕایگەیاندووە: هەموومان دەزانین کە خواردنی خوێی زۆر دەبێتە هۆی کێشەی وەک بەرزی پەستانی خوێن. بەرزی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە و مێشک.
ناوبراو وتیشی: لە لایەکی دیکەوە، ئەم نەخۆشییە درێژخایەنانە دەتوانن هۆکاری مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی بن بە تێپەڕبوونی کات. لە گەڵ ئەوەشدا، ئایا خواردنی خوێ ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی خەمۆکی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتری هەیە./.