بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مایلز کاگینز لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییەکان نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرزیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەگەر دڵنیایی لە سەر وەرگرتنی شایستە داراییەکان هەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان دەتوانن پرۆسەی هەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە.
کاگینز ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق گرت و ڕایگەیاند کە تا ئێستا گرێبەستە نەوتییەکانی کوردستانی قبووڵ نەکردووە.
ناوبراو بانگەشەی ئەوەیکردووە کە گرێبەستە نەوتییەکان بە تەواوی یاسایی و ڕێگاپێدراون.
سەبارەت بە نرخی ئێستای فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، وتەبێژی ئەپیکۆر ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هەر بەرمیل نەوت بە 28 تا 32 دۆلار دەفرۆشرێت.
ڕاشیگەیاند کە کۆمپانیا نەوتییەکان تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان سەرمایەدانەرییان کردووە./.