بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیام باقری جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ عادل حوسێن عەگاب سەرۆکی یەکێتی پیشەسازیی عێراق کە لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران ئێکسپۆ 2025 بەڕێوەچوو، وتی: دەتوانین چەندین بابەتی وەک پەرەپێدانی چالاکییە ئابورییەکان، وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراق و کردنەوەی هێڵی هاوبەشی وەبەرهێنان و بەشداری کەرتی تایبەتی هەر دوو لا بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ناوچەکە و جیهان لە نەخشەڕێگایەکی هاوبەشدا دیاری بکەین.
ناوبراو عێراقی بە هاوبەشێکی مێژوویی و گرنگی ئێران ناو برد و وتی: ژووری بازرگانی ئێران لە تۆڕێکی بەهێزی چالاکوانانی ئابوری لە چوارچێوەی ژوورە هاوبەشەکان، ژوورەکانی پارێزگاکان و زیاتر لە 600 دامەزراوەی ئابوری پێکهاتووە و دەبێت لەم دەفرایەتییە بۆ ئاسانکاری لە پەیوەندییە بازرگانییەکان کەڵک وەربگیردرێت و دەستەی سەرۆکایەتی ژووریش ئامادەی پەرەپێدانی هاوکارییەکانە لە گەڵ عێراق.
باقری ڕایگەیاند کە ژووری بازرگانی لە پارێزگا سنورییەکان ئامادەیی زیاتریان بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق هەیە و ئاماژەی بە دوو ژووری بازرگانی لە خوڕەمشار و ئابادان دا.
هەر لەو کۆبوونەوەدا عادل حوسێن عەگاب سەرۆکی یەکێتی پیشەسازیی عێراق بە ئاماژە بە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ ئێران ڕایگەیاند کە دەبێت بازرگانی دوو لایەنە بێت و لە ئێستادا زۆربەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە پێویستە هەر دوو وڵات نەخشەڕێگایەکیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان هەبێت.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی توانایەکی زۆری بۆ هەناردەکردنەوەی بەرهەمە ئێرانییەکان هەیە و ئەگەر کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن و بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن، دەتوانن بە سەر هەندێک لە کێشەکاندا زاڵ ببن.
ڕاشیگەیاند کە دەبێت کۆمیتەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت تا بە پاڵپشتی حکومەتەکانی هەر دوو وڵات، بەربەستە بازرگانییەکان بە خێرایی چارەسەر بکرێن و ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەرزبکرێتەوە و لەم پێناوەدا دەبێت گرنگی بە وەبەرهێنانی هاوبەش بدرێت./.