بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی حەجی ئەمساڵدا، دامەزراندنی فەریزەی حەجیان بە مۆدێلێکی تەواو و ڕێنوێنی بۆ حوکمڕانی مرۆڤایەتی ناو برد و وتیان: پێکهاتە و ڕواڵەتی دەرەکی ئەم فەریزەیە بە تەواوی سیاسییە و ناوەڕۆکی پێکهاتەکانی بە تەواوی مەعنەوی و عیبادەتانەیە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو مرۆڤایەتی. ئەمڕۆش گەورەترین سوودی ئوممەتی ئیسلامی، یەکڕیزی و هاوکارییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ئیسلام کە ئەگەر ئەم یەکڕیزییە هەبوایە، پرسەکانی وەک غەززە و یەمەن ڕوویان نەدەدا.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە درێژەدا زانین و تێگەیشتن لە ئامانجەکان و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی حەجیان زۆر بە گرنگ بۆ حاجیانی ماڵی خودا ناو برد و بە ئاماژە بە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، وتیان: بەکارهێنانی زاراوەی خەڵک لە زۆرێک لە ئایەتوکانی پەیوەست بە حەج پیشان دەدات کە خودا ئەم کارەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری هەموو مرۆڤەکان دیاری کردووە، نەک تەنیا موسڵمانان، هەربۆیە بەڕێوەبردنی حەج بە شێوەیەکی درووست، خزمەتێکە بۆ مرۆڤایەتی.
بەڕێزیان لە ڕوونکردنەوەی لایەنە مەعریفییەکانی حەجدا بە تاکە فەریزەیەک ناویان برد کە فۆرم و پێکهاتەکەی لە سەدا سەد سیاسییە، لە بەر ئەوەی کە ساڵانە مرۆڤەکان لە یەک شوێن و کات بۆ مەبەستێکی دیاریکراو کۆدەکاتەوە و خودی سرووشتی ئەم کارەش سیاسییە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دابڕان و دابەشبوونی ئومەتی ئیسلامییان بە ئامرازی سەپاندنی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد و وتیان: بە یەکڕیزی ئومەتی ئیسلامی، ئاسایش و پێشکەوتن و هاوکاریکردنی وڵاتانی ئیسلامی بۆ یەکتر دابین دەکرێت و دەبێت بەم تێڕوانینەوە لە دەرفەتی حەج بڕوانرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕۆڵ و ئەرکی حکومەتە ئیسلامییەکان بە تایبەت حکومەتی میوانداری حەجیان لە ڕوونکردنەوەی ڕاستی و ئامانجەکانی حەج بە گرنگ ناو برد و وتیان: بەرپرسانی وڵاتان، زانایان، ڕۆشنبیران، نووسەران و کەسانی کاریگەر لە سەر بیر و ڕای گشتی، دەبێت ڕاستییەکانی حەج بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە./.